سەردێر

میسر هانا بۆ بەرهەمهێنانی “نانی پەتاتە” دەبات

خەڵک-

وەزیری بازرگانیی میسر رایگەیاند “میسر لە پێناو دابینکردنی یەک ملیۆن تۆن گەنمی ساڵانەدا، هانا بۆ بەرهەمهێنانی نانی پەتاتە دەبات”.

عەلی موسیڵحی، وەزیری بازرگانیی میسر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “چارەسەرەکانی قەیرانی گەنم لە وڵاتەکەدا لە ئارادایە و کاری بۆ دەکرێت و یەکێک لەو چارەسەرانەش پەنابردنە بۆ هاڕاوەی پەتاتە”.

وتیشی “میسر پێداگرە لە بەکارهێنانی تێکەڵەیەکی نوێ کە پەتاتەی هاڕاوی تێدا بەکاردەهێنرێت بە مەبەستی بەرهەمهێنانی گەنم”.

ئاماژەی بەوەشدا “گەنمی پەتاتە برێکی زۆری پێداویستی دانیشتووانی میسر بۆ گەنم دابیندەکات کە دەگاتە یەک ملیۆن تۆن گەنم لە ساڵێکدا”.

لە بارەی چۆنییەتی بەرهەمهێنانی نانی پەتاتە، وەزیری بازرگانی میسر ئاشکرایکرد “پەتاتەکە دەکوڵێندرێت و راستەوخۆ تێکەڵ بە ئاردی گەنم دەکرێت و پاشان بە هەمان رێگەی ئامادەکردنی نانی ئاسایی گەنم، دەشێلدرێت و ئامادە دەکرێت”.