سەردێر

لوتکەی ئەمجارەی ناتۆ لە مەدرید… تاوتوێی  6 مەلەفی هەستیار دەکات

جەنگی سەر ئۆکراین یەکێک لە تەوەرەکانە

 

خەڵک

مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، بۆ ماوەی 3 ڕۆژ، میوانداری لوتکەیەکی مێژوویی و چارەنووسساز ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی ناسراو بە “ناتۆ” دەکات.

سازدانی ئەم لوتکەیە لە کاتێکدایە گەورەترین قەیرانی ئەمنی لە ئەوروپادا لە ئارادیە کە ناوچەکەدا لە دوای دووەم جەنگی جیهانەوە قەیرانی لەو شێوەیە و دۆخێکی وا خراپی ئەمنی بەخۆوە نەدیوە.

لە کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆدا 6 مەلەفی دیار و گرنگ تاوتوێ دەکرێن لەوانە؛ ” یەکێتی و یەکگرتوویی هاوپەیمانییەکە، دووپاتکردنەوەی پشتیوانی لە ئۆکراین و پەرەسەندنی مەترسییەکانی تیرۆر لە ئەفریقا دیارترینی تەوەرەکانن”.

هاوکات لە لوتکەکەدا 40 سەرۆکی حکومەت و وڵاتان بە سەرۆکایەتی جۆ بایدن بەشداری دەکەن، پێشبینی دەکرێت 5 هەزار کەس لە بەڕێوەچوونی لوتکەکەدا لەژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمی بەشداری بکەن کە لە نێویاندا ڕۆژنامەنووس و پسپۆڕ و توێژەران بوونیان هەیە.

کۆبوونەوەی مەدرید لە ژێر رۆشنایی جەنگی رووسیا و ئۆکرایندا دێت، هەروەها لە ساتێکی گرنگدایە بۆ هاوپەیمانییەکە دوای شکستەکانی ئەفغانستان و ناکۆکی ناوخۆیی لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کە هەڕەشەی کشانەوەی واشنتۆنی لە هاوپەیمانی ناتۆ دەکرد.

مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بە ڕێوشوێنی ئەمنی توند ئامادەکاری دەکات بۆ بەستنی لوتکەکە، کە لەلایەن سەنتەری کۆنفرانسی مەدرید “ئیفێما” میوانداری دەکرێت، بڕیارە 10 هەزار پۆلیس لە هەموو ناوچەکانی پایتەختی ئیسپانیا ، لە فڕۆکەخانە تا وێستگەکانی شەمەندەفەر و هۆڵەکانی کۆنفڕانس و گۆڕەپانە گشتییەکان جێگیر بکرێن.

لەبارەی دیارترین ئەو مەلەفانەی لەسەر مێزی کۆبوونەوەی لوتکەی ئەمجارە دەبن، لیۆن رادسیۆسینی، شرۆڤەکاری پسپۆڕ لە کاروباری ئاسایش و ستراتیژی، رایگەیاندووە، “3بڕگەی سەرەکی هەیە، کە بریتین لە پشتڕاستکردنەوەی یەکێتی هاوپەیمانییەکە و قەیرانی ئۆکراین بە پشتڕاستکردنەوەی پشتیوانی و پاکێجی نوێی یارمەتییەکان”، هەروەها کۆتاییهێنان بە قەیرانی پەیوەستبوونی فینلاند و سوید بە ناتۆ بە لابردنی ترسەکانی تورکیا و فراوانکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵیدا”.

ڕادسیۆسینی بۆ “سکای نیوز عەرەبی” دەڵێت: “جگە لە کارنامەی سەرەکی هاوپەیمانییەکە، زیادکردنی خەرجییە هاوبەشەکانی بەرگری و ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوپەیمانییەکە، و چارەسەرکردنی کاریگەرییە سەربازییەکانی ڕووسیا و چین، و دانانی هێزی زیاتر لە ئەگەری ئامادەکاری بۆ بەرگریکردن لە وڵاتانی باڵتیک، لەو باس و مەلەفە دیارانەن کە تاوتوێ دەکرێن”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ “له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ په‌ره‌سه‌ندنی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر له‌ ئه‌فریقا و به‌رزبوونه‌وه‌ی كاریگه‌ری رێكخراوی تیرۆریستی داعش به‌تایبه‌تی له‌ باكووری ئه‌فریقا و ناوچه‌ کەناراوییەکان ده‌كرێت”.

ڕوونیشی كردەوە، لە كۆبوونەوەی لوتكەی مەدرید دا، تاوتوێی كاریگەری جەنگی سەر ئۆكراین و واقیعی نوێی ئەمنی لە ئەوروپا لەسەر رێبازی ناتۆ دەكرێت و ستراتیژی نوێی هاوپەیمانییەکە، چوارچێوەیەک بۆ چالاکییەکانی پێکدەهێنێت و پێناسەی مەرجی ئۆپەراسیۆنەکانی لە داهاتوودا دەکات، ئەم لوتکەیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بانگهێشتکردنی ژاپۆن، کۆریای باشوور، ئوسترالیا و نیوزلەندا ڕەنگدانەوەی پەیامێکی دیکەیە بۆ چین، بۆ ئەوەی بیر لە دووبارەکردنەوەی سیناریۆی داگیرکردنی تایوان نەکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، فومیۆ کیشیدا سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن ڕایگەیاند؛ بەشداری لە لوتکەی ناتۆ دەکات، ئەمەش وەک پێشینەیەک بۆ سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، بەو پێیەی تۆکیۆ ئەندامی ناتۆ نییە و دەستوورەکەی ئاشتیخوازە، بەڵام هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکایە و ئەندامە لە گروپی حەوت، و بەشداری لە سزا نێودەوڵەتییەکان دەکات کە بەسەر مۆسکۆدا سەپێنراون.

لە کۆبوونەوەی لوتکەی مەدریددا هەریەک لە سوید و فینلاند بەشداری دەکەن، کە ئاواتەخوازن پەیوەندی بە ناتۆوە بکەن، بەڵام لە ئێستادا ئەو پرسە بەهۆی رەتکردنەوەی تورکیاوە کۆسپی لەسەرە.

لوتکەکە هاوکاتە لەگەڵ 40هەمین ساڵیادی پەیوەستبوونی ئیسپانیا بۆ هاوپەیمانێتییەکە و دوایین لوتکەش کە میوانداری کرد لە ساڵی 1997 بوو، و شاهیدی بڕیاری مێژوویی بوو، چونکە لەو کاتەدا بڕیاردرا ئەندامێتی فراوان بکرێت بۆ ئەوەی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتیش بگرێتەوە کە بەشێک بوون لە هاوپەیمانی وارشۆ.