خەڵک-
کۆمپانیای مایکرۆسۆفت رایگەیاند، “هاککەرە رووسیاییەکان کە لەلایەن حکومەتی وڵاتەکەیانەوە پاڵپشتی دەکرێن، پلانێکی سیخوڕیکردنیان دروست کردووە بە مەبەستی سیخوڕیکردن بەسەر دەیان وڵاتەوە کە هاوکاریی پێشکەشی ئۆکراینا دەکەن و پاڵپشتی دەکەن لە جەنگەکەی بەرامبەر رووسیادا”.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، براد سمیت، بەرێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، رایگەیاند، ” لەسەرەتای بەرپابوونی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرایناوە، رووسیا هەوڵیداوە لە رێگەی هاککەرەکانییەوە دەوڵەتە هاوپەیمانەکانی ئۆکراینا بکاتە ئامانج و سیخوڕییان بەسەرەوە بکات”.
وتیشی “رووسیا توانیویەتی بە رێژەی 29% سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لەو رووەوە، بە رادەییەک نیوەی کەمینەی ئەو زانیاریانەی لەرێگەی هاککردنەوەی ئامانجی بووە، بەدەستی هێناوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “لەگەڵ راگەیاندنی وڵاتانی جیهان بۆ بەرگریکردن و پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا، دەزگا و ئاژانسە هەواڵگرییە رووسیاییەکان و تۆڕە سیخوڕییەکانی حکومەتی رووسیا، لە دەرەوەی ئۆکراینا کیێڤیان کردووەتە ئامانج بۆ وەرگرتنی زانیاری”.
راشیگەیاند، “زۆرترین ئامانجی سیخوڕییە ئەلیکترۆنییەکانی رووسیا لە بارەی وڵاتانی ئەندامانی ناتۆ بوون، بە تایبەتی ئەمریکا و پۆڵەندا کە سەرچاوەی ناردنی هاوکارییەکانن بۆ کیێڤ”.
هەروەک ئاماژەی بەوەشکرد، “لەماوەی دوو مانگی رابردوودا سیخوڕیکردن لە لایەن رووسیاوە بەسەر دانیمارک و سوید و نەرویجدا زیادیانکردووە”.
سمیت ئاشکراشیکرد،”بەرگریی ئەلیکترۆنیی ئۆکراینا سەلماندی کە بە شێوەیەکی گشتی بەهێزترە لەو هێرشە ئەلیکترۆنییانەی رووسیا ئاراستەی کردووە، کە خۆیان لە هێرشکردنە سەر 48 ئاژانس و کۆمپانیای ئۆکراینادا بینییەوە”.