سەردێر

بەهۆی رووسیاوە.. ئەمریکا هۆشداری دەداتە تیک تۆک

خەڵک-

ئەندامانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پەیامێکی هۆشدارییان ئاراستەی تیک تۆک کرد دەربارەی رووسیا و ئەو جەنگەی بەرپای کردووە بۆسەر ئۆکراینا و هۆشداریدا لەوەی” نابێت بە هیچ شێوەیەک پاڵپشتیی رووسیا بکرێت”.

دوێنێ هەینی، چەند ئەندامێکی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پەیامێکیان ئاڕاستەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی کۆمپانیای تیک تۆک کرد کە تێیدا هۆشداری دەدەنە کۆمپانیاکە لە بڵاوکردنەوەی هەر ڤیدیۆیەک کە باس لە رووسیا دەکات یاخود پاڵشتییە بۆ ئەو وڵاتە.

پەیامەکە لە لایەن ستیڤ دێنیز، جۆن کۆڕنین، رۆدگەر وێکەر و و چەندین ئەندامی دیکەوە واژوو کراوە و تێێدا هاتووە “بە پێی دوایین راپۆرتەکان، تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیک تۆک رێگەی داوە دەزگاکانی راگەیاندنی رووسیا تۆڕەکە نوقمی ریکلامی جەنگیی مەترسیدار بکەن کە پاڵپشتی دەردەخەن بۆ رووسیا”.

هەروەک ئاشکراشیکرد “نابێت رێگە بدرێت هیچ کۆمپانیایەک درۆکانی کۆشکی کرێملین بخاتەروو کە دەبنە هۆی پاڵپشتی و لایەنگریی رووسیا لەم جەنگەی بەرامبەر ئۆکراین بەرپای کردووە”.

لە لاکەی دیکەوە، تیک تۆک رایگەیاند “کۆمپانیاکەیان هەوڵ دەدات لەو بارەیەوە پەیوەندی بکات لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، ئامادەییشی دەربڕی لە وەڵامدانەوەی هەموو پرسیارەکانیان”.