سەردێر

کیسنجەر، سەبارەت بە ڕووسیا ئامۆژگاری کیێڤ و وڵاتانی ئەوروپایی دەکات

خەڵک

وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا و دیپلۆماتکاری بەناوبانگ، هێنری کیسینجەر، بەرچاو روونی و ئامۆژگاریی دەداتە کیێڤ و سەروەختی دەسەڵاتی هیتلەر و نازییەکان بەبیر سەرۆکی ئۆکراین دێنێتەوە و دەڵێت هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا سازشیان کردووە و ڕێککەوتوون، تەنانەت کۆنترۆڵکردنی هەندێک ناوچەیان لەلایەن ئادۆلف هیتلەر سەرۆکی ئەوکاتی ئەڵمانیایان پێ خۆش بووە.

لەمیانی گفتوگۆکانی کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس لە سویسرا، هێنری کیسنجەری تەمەن 98 ساڵ، کە یەکێک لە رەمزە دیارەکانی سیاسەت و دیپلۆماسیەتی ئەمریکاو جیهانەو پێشتر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بووە، داوای لە کیێڤ کرد کە وازهێنان لە بەشێک لە خاکەکەی قبوڵ بکات تا لەگەڵ مۆسکۆدا بگەنە ڕێکەوتنی ئاشتی و کۆتایی هێنان بەو جەنگەی لە ئارادایە.

ناوبراو پێیوابوو شکستهێنان لە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات و بەردەوامبوون لە دژایەتیکردنی یەکدی ئەنجامی جددی بۆ ناسەقامگیری درێژخایەنی تەواوی ئەوروپا دەبێت.

وتیشی: “پێویستە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا دانوستانەکان بەجددی بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ دەستپێبکەن و هەردوو لا سازش بۆ یەکدی بکەن.

کیسنجەر کە لە ماوەی ساڵانی حەفتاکاندا لەچوارچێوەی ئیدارەکانی سەرۆک ڕیچارد نیکسۆن و جیراڵد فۆرد خزمەتی کردووە، هۆشداریدا کە ” جەنگی سەر ئۆکراین درێژە دەکێشێت و زۆر وڵاتی دیکەشی تێوە دەگلێت “.

جەختیشی لە گرنگی گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ کردەوە و تیشکی خستە سەر گرنگیی ڕووسیا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بۆ ماوەی 400 ساڵ بەشێکی سەرەکی ئەوروپا بووە و لە کاتە مەترسیدارەکاندا وەک هێزێکی هاوسەنگ کار دەکات.

ئەو داواشی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد گرنگی دەوڵەتی ڕووسیا لە کیشوەری ئەوروپا بەبیر بهێننەوە .

کیسنجەر، لەو دیپلۆماتکارە دیارانە بوو، کە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە دیاریکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ماوەی جەنگی سارددا و ڕێنمایەکانی ئەو بووە هۆی کەمبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و یەکێتیی سۆڤیەت.

هاوکات ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە ئاساییکردنەوەی پێوەندی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و چین و سەردانە مێژوویییەکەی سەرۆک کۆمار، ڕیچارد نیکسۆنی لە ساڵی ١٩٧٢ بۆ چینی لێ کەوتەوە.