سەردێر

زیلینسکی ئامادەیە پۆتین ببینێت، 20 وڵاتیش بەڵێنی هاوکارییان بە کیێڤ دا

خەڵک

جارێکی دیکە، ڤۆلۆدیمەر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین ئامادەیی خۆی دووپاتکردەوە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتین هاوتا ڕووسییەکەی، بۆ وەستاندنی ئەو جەنگەی لەسەر وڵاتەکەی بەرپایکردووە، سەرۆکی ئەمریکاش جەختدەکات، کە قەیرانەکانی ئۆکراین قەیرانێکی جیهانییە نەک هەرێمی، هاوکات 20 وڵات ئامادەیی هاوکاریی سەربازییان بۆ کیێڤ دەربڕی.

لە وتەیەکدا، لە میانی کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس لە سویسرا، زیلینسکی وتی؛ ڕووسیا تەنیا مەبەستی ئۆکراینا نییە، بەڵکو دەیەوێت هاوشێوەی دورگەی کریمیا ئۆکراینیش بە ڕووسیاوە بلکێنێت و خوێنی سەدان هەزار هاووڵاتی بێ تاوان برژێنێت.

سەرۆکی ئۆکراین ڕوونیکردەوە؛ گەلی ئۆکراین مێژوو شاهێدییەتی کە توانیویانە هەرچۆنێک بێت، داگیرکەران لە خاکەکەیان دووربخەنەوە، وتیشی ئەگەر ساڵی ڕابردوو قسەکانمان بەهەند وەرگیرابایەو، سزایەکی دادپەروەرانە و عەقلانی دژ بە ڕووسیا هەبوایە، ئۆکراینا تووشی ئەم جەنگە نەدەبوو.

ئۆکراین.. قەیرانێکی جیهانی

لەلایەکی دیکەوە و لە پەرەسەندنە سیاسییەکانی پەیوەندیدار بە ئۆکراین، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەیەکی چوار قۆڵی لە تۆکیۆ، ڕۆژی سێشەممە وتی؛ قەیرانی ئۆکراین بابەتێکی جیهانیە نەک هەرێمی.

بایدن وتی؛ ئەمەی ڕوودەدات زیاتر کێشەیەکی ئەوروپاییە، بەڵام لە بنەڕەتدا کێشەیەکی جیهانییە و جەختی کردەوە کە واشنتۆن لەگەڵ “هاوبەشە نزیکەکانی” لە ناوچەکانی زەریای هیندی و هێمن بەرامبەر هەڕەشە و مەترسییەکان دەوەستێت.

لالایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، لۆید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند؛ کە 20 وڵات هاوکاری سەربازی نوێیان پێشکەشی ئۆکراین کردووە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هێزەکانی ڕووسیا.

لەکۆبوونەوەیەکی هاوپەیماناندا ئۆستن وتی؛” کۆبوونەوەکە زۆر سەرکەوتوو بوو” زۆربەی وڵاتان چەک و تەقەمەنی و سیستمی بەرگریی و تانک و زرێپۆش دابین دەکەن کە ئۆکرانییەکان زۆر پێویستیان پێیە”.

ئاشکراشیکرد؛ ویلایەتە یەکگرتووەکان هاوئاهەنگیی لەگەڵ لێشاوی دابینی چەک و پشتیوانی نێودەوڵەتیی هەیە بۆ ئۆکراین و پشتیوانی لە کیێڤ دەکات بە ملیاران دۆلار بە دابینکردنی کەرەستەی سەربازی و مەشقکردن بە هێزەکانیان.

وەزیری بەرگری ئۆکراینیش، دۆخی سێ مانگ دوای جەنگی ڕووسیای بۆ سەر وڵاتەکەی خستەروو و بەشداربووانی لە ئەو بارودۆخە سەربازییەی ئێستا ئاگادارکردەوە، کە بەهۆی رووسیاوە لەناوچەکەدا لە ئارادایە.

خیرسۆن ئیدارەیەکی نوێی سەر بە مۆسکۆ

سەروەخت لەگەڵ کۆبوونەوەی هاوپەیمانان و دابینی هاوکاری سەرتبازی بۆ کیێڤ،  ئاژانسی هەواڵی ڕووسیا لە زاری بەرپرسێکی حکومی لە هەرێمی خیرسۆنی ئۆکراین بڵاویکردەوە، کە ڕۆژی سێشەممە ئیدارەی ڕاسپێردراوی ڕووسیای داوا لە مۆسکۆ دەکات بنکەیەکی سەربازی لەسەر خاکەکەی بنیاتبنێت.

مۆسکۆ لە خیرسۆن ئیدارەیەکی نوێی دامەزراندووە و دەستیکردوە بە ناساندنی ڕۆبلی ڕووسی وەک دراوێک بۆ هەرێمەکە، کیریل ستریمۆسۆڤ، جێگری سەرۆکی هەرێمیی خیرسۆن کە بە “ئیدارەی هەرێمی مەدەنی و سەربازی” لە خیرسۆن ناودەبرێت، بە ئاژانسی هەواڵی ڕووسیای ڕاگەیاند: “پێویستە بنکەیەکی سەربازی ڕووسیا لە هەرێمەکەدا هەبێت”ئێمە داوای ئەوە دەکەین، کە هەموو خەڵک دەیانەوێت، ئەمە شتێکی گرنگە و دەبێتە بەرقەراری ئاسایشی هەرێم و دانیشتوانەکەی”.

دەستپێشخەری ئاشتی

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ئاشکرایکردووە؛ پێشنیارێکی لە ئیتالیاوە پێگەیشتووە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ئۆکراین، دەستپێشخەریی ئاشتی ئیتالیا پێشنیاری ئەوە دەکات چارەنووسی دۆنباس و کریمیا بۆ ڕێککەوتنێکی دووقۆڵی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ جێبهێڵرێت و بە ڕێککەوتنێکی ئاشتییانە کە لایەنە ئەوروپیەکان تێیدا بەشدارن کۆتایی بە جەنگ بێت.

سەرچاوە؛ الجزیرة