سەردێر

چارەنووسی سەربازانی کارگەی ئازۆڤستاڵ بەچی دەگات

یەکەم سەربازی رووسیا لە کیێڤ وەک تۆمەتباری جەنگ دادگایی کرا

 

خەڵک

تائێستا چارەنووسی ئەو سەربازە ئۆکراینیانەی لە کارگەی ئازۆڤستاڵ، خۆیان ڕادەستی هێزەکانی ڕووسیا کرد بە نادیاری ماوەتەوە، لە کاتێکدا یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی سەربازێکی ڕووسی وەک تۆمەتباری جەنگ لە ئۆکرانیا دەستیپێکرد.

 

پێشتر مۆسکۆ ڕایگەیاندبوو؛ 959 سەربازی ئۆکراینی لەنێو کارگەی ئازۆڤستاڵ خۆیان بەدەستەوە داوە.

بەپێی لێدوانی دێنیس پوشیلین، سەرۆکی جوداخوازی هەرێمی دۆنتسک، وا بڕیارە لەدادگایەکدا بڕیار لە چارەنووسی ئەو جەنگاوەرە ئۆکراینیانە بدرێت کە خۆیان لە کارگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵ لە ماریوپۆل بەدەستەوە دابوو.

 

میدیاناوخۆییەکان، لە زاری پوشیلینەوە، دەڵێن فەرماندە گەورەکانی سوپای ئۆکراین، تا ئێستا لە کارگەکەدان و خۆیان بەدەستەوە نەداوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕۆژی (18ی ئایاری 2022) ڕایگەیاندبوو، 959 سەربازی ئۆکراینی خۆیان بەدەستەوە داوە کە 80 برینداریان تێدایە” بەپێی هەمان سەرچاوە، 51 کەس لەوانە لە شارۆچکەی نۆڤاسۆڤسک، شارۆچکەیەک کە لەلایەن ڕووسەکان و هاوپەیمانە جوداخوازەکانیانەوە کۆنترۆڵ کراوە لە نەخۆشخانە خراونەتە ژێر چاودێری پزیشکی.

هەروەها لە 24 کاتژمێری ڕابردووشدا، 694 سەربازی دیکە خۆیان ڕادەستکردووە.

 

لەلایەکی دیکە وەزارەتی بەرگری ئۆکراین، لە ڕاگەیەنراوێکدا، هیوای ئەوە دەخوازێت لە پرۆسەیەکدا گیراوانیان بە گیراوانی ڕووسی ئاڵوگۆر پێ بکەن لە زووترین کاتدا.

 

لەوەڵامی پرسیارێکیشدا، وتەبێژی کرێملین دیمیتری پیسکۆڤ وەڵامی ئەو پرسیارانەی نەدایەوە کە ئایا ئەو سەربازانەی لە ئازۆڤستاڵ خۆیان بەدەستەوە داوە وەک تاوانباری جەنگ یان بەندکراوی جەنگ، مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

 

لەلایەکی دیکەوە و لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراین، سەربازێکی ڕووسی وەک تاوانباری جەنگ یەکەم پرۆسەی دادگاییکردنی بەرێوەچوو.

 

ڤادیم شیشیمارینی تەمەن 21 ساڵ لەسەر دۆسیەی کوژرانی پیاوێکی تەمەن 62 ساڵ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین لە 28ی شوباتدا، لەبەردەم دادگای ناوچەی سۆلومیانسک لە کیێڤ دادگایکردنەکەی بەڕێوەچوو.

بڕیاری دادگا بۆ ئەو سەربازە، بەندکردنی بوو بۆ هەتا هەتایی و لە ئەرکۆتسک  ماوەی سزاکەی بەسەر دەبات.

 

داواکارانی گشتی وتیان شیشمارین سەرکردایەتی یەکەیەک دەکات لە بەشی تانک کاتێک هێرش کراوەتە سەر کاروانەکەی، شیشیمارین و چوار سەربازی دیکەی هەڵهاتوو ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەکیان لە نزیک گوندی شڤاخیڤکا بردووە و خاوەنەکەشیان کوشتووە.

 

وتەبێژی کرملین ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند؛ کە هیچ زانیارییەکی لەبارەی سەربازێکی ڕووسیەوە نییە کە بەتۆمەتی کوشتنی هاووڵاتیەکی بێچەک تۆمەتبارکراوە و دادگایی کراوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕوانگەی ئەمریکایی بۆ چاودێریکردنی تاوانەکانی جەنگ لەمیانی جەنگی سەر ئۆکراین بڵاوەپێکردنی گەورەترین تیمی مەیدانی خۆی لەئۆکراینا ڕاگەیاند؛ 42 لێکۆڵەرەوە و پسپۆڕی تاوان و کارمەندی دیکە پشتیوانی ڕەوانەی مەیدانەکە دەکەن بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی لەکاتی جەنگدا ڕووسیا ئەنجامی داون.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش ڕایگەیاند؛ یەکەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە و بەڵگەکردن و بڵاوکردنەوەی تاوانەکانی جەنگی ڕووسیا دادەمەزرێنێت، بەو پێیەی ” بەڵگەیەکی زۆر لەسەر تاوانەکانی جەنگ و دڕندەیی ڕووسیا هەیە لە ئۆکراین”.