سەردێر

دیارترین ئەو چەکانەی ئەڵمانیا بۆ ئۆکراینی ناردووە کامانەن؟

خەڵک

ئەڵمانیا بە چەک و تەقەمەنی جۆراوجۆر، پشتیوانی جەنگی سەر ئۆکراین بەرامبەر رووسیا دەکات کە زۆربەیان چەکی سووکن و لە ئێستاشدا دەیەوێت بە چەکی قورس و پێشکەوتوو، ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و تەقەمەنی، پشتیوانییەکانی بەردەوامی پێبدات.

لە سەرەتادا ئاسان نەبوو حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاری ناردنی چەکی قورسی وەک تانک و تۆپ بۆ ئۆکراین بدات، بەڵام داوای بەهانا هاتنی ئۆکراین و فشارەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی وایکرد بەرلین لە کۆتایی مانگی نیساندا بڕیار بدات، ئەم بڕیارەش ڕای گشتی لەئەڵمانیا بەسەر چەند بەرەیەکدا دابەشکردووە.

تانکەکانی گیبارد

بڕیارە ئەڵمانیا 50 تانکی گیبارد، ڕەوانەی ئۆکراین بکات، کە تانکێکی بەهێز و کاریگەرە لە دژی فڕۆکە شەڕکەر و هەلیکۆپتەرەکان دەوەستێتەوە و تا بەرزایی 3500 مەتر کاریگەریی هەیە، هاوکات دەتوانرێت لە دژی ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکان بەکار بهێنرێت، هەروەک دەتوانێت تا 550 کیلۆمەتر ڕێبکات و بەربەستە ئاوی و وشکاییەکان تێپەڕێنێت.

بە وتەی باڵیۆزی ئۆکراین لە بەرلین، ئەم زرێپۆشە بۆ وڵاتەکەی گرنگە، چونکە دەکرێت لە دژی هەلیکۆپتەر و زرێپۆشەکانی ڕووسیا بەکاربهێنرێت.

گیبارد، یەکەم نەوەی 20 ساڵ لەمەوبەر بەرهەمهاتووە و لە ئەڵمانیاش تا ساڵی 2012 بەکارهاتووە.

ڤێرژنە ئەڵمانییەکەی گیبارد لە بەکارهێنانیدا لە ئۆکراین ڕەنگە گرفتی بۆ دروست بێت، چونکە سیستمێکی ئاڵۆزی ئەلکترۆنی هەیە و لەوانەیە پێویستی بە کارامەیی بەرزی بەکارهێنان لەنێو دەستەی تانکەکەدا هەبێت.

بە وتەی جۆهان فەدیبۆل، پسپۆڕی بەرگری (سی دی ئۆ) ڕاهێنان لە بەکارهێنانی گیبارد پێویستی بە 6 مانگ هەیە.

هاوپتزەر 2000

هاوپتزەر 2000، تۆپهاوێژێکی زرێپۆشییە تیرەی تۆپەکەی 155 ملیمەترە، دەتوانێت لە ماوەی 10 چرکەدا سێ تۆپ ئاراستە بکات، هەروەها توانای تێکشکاندنی ئامانجەکەی هەیە بە دووریی 30 تا 56 کیلۆمەتر.

تۆپهاوێژە ئەڵمانییەکە، لە ساڵی 1998 دەست بەدروستکردنی کراوەو  لەسوپای ئەڵمانیادا تا ئێستا لە خزمەتدایە.

هاوپتزەر 2000، لەماوەی ساڵانی 2006 و 2007دا بەپاڵپشتی هێزی ئاسمانی لە ئەفغانستان بەهای خۆی سەلماند، کاتێک توانی ئامانجەکان بە دووری 40 کیلۆمەتر بپێکێت.

سوپای ئەڵمانیا 100 تۆپهاوێژی هاوپتزەری هەیە، بەڵام بەپێی وتەی کریستینا لامبرێچ وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە، تەنیا 40 دانەیان بۆ بەکارهێنان ئامادەن و بەرلینیش حەوت دانەیان ڕەوانەی ئۆکراین دەکات .

زرێپۆشی ماردەر

ماردەر، یەکێک لە زرێپۆشە کاریگەرەکانە بۆ گواستنەوەی سەربازانی پیادە و پاراستنیان لە ئاگر و تەقەی دوژمن، چەکی هەمەچەشنی لێ دەبەسترێت و دەتوانێت 6 بۆ 7 سەرباز لەخۆیدا جێبکاتەوە و تۆپێهاوێژێکی ئۆتۆماتیکی 20 ملیمەتری لەسەر جێگیرە و دەشتوانرێت بە مووشەکی ئاراستەکراوی میلان ئامادە بکرێت و دژی ئامانجە ئاسمانی و زەمینیەکانیش بەکار دێت.

ئەم زرێپۆشە، سیستمێکی هەوایی بۆ پاراستن لە دژی چەکی ناوەکی و بایۆلۆجی و کیمیایی هەیە و دەتوانێت بە قوڵایی دوو مەتر ئاودا بپەڕێتەوە.

ماردەر لە ساڵی 1971دا هاتووەتە خزمەتی سەربازییەوە و تا ئێستا لە ئەرکدایە.

تانکی لیۆپارد 2

تانکی لیۆپارد2، کە شاکارێکی پیشەسازی چەکی ئەڵمانییە، لە ساڵی 1978ەوە بەرهەمهێنراوە، لەو کاتەوە چەند جارێک پەرەی پێدراوە و نوێکراوەتەوە و تا ساڵی 2030 بەردەوام دەبێت لە بەکارهێنانی لەلایەن سوپای ئەڵمانیاوە.

کراوس مافای ویگمان بەرهەمهێنەری ئەم تانکەیە، یەکێکە لە دیارترین چەکە قورسەکانی ئەڵمانیا لە جیهاندا، بۆیە مۆدێلی جیاوازیان هەیە بۆ گونجاندن لەگەڵ پێداویستی و خواستەکانی هەر کڕیارێک.

ئەم تانکە لە وڵاتانی دیکەش لە ژێر مۆڵەتی ئەڵمانیدا بەرهەمدەهێنرێت.

لە ئێستادا، باڵیۆزی ئۆکراین لە بەرلین داوای ناردنی بەپەلەی “88 تانکی لیۆپارد و 100 ئۆتۆمبێلی ماردەر و تۆپهاوێژەکانی هاوپتزەر و چەکی قورسی دیکە” بۆ وڵاتەکەی دەکات.

مووشەکی ستینگەر

ستێینگەر مووشەکێکی زەمینی ئاسمانیی سەرشانە، لە ساڵی 1980ەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا و ئەڵمانیاش بەرهەم دەهێنرێت.

ستینگەر تا دووری 4000مەتر خۆی بە دوای ئامانجەکەیدا دەگەڕێت، چەکێکی زۆر کاریگەر و ئاسانە بۆ بەکارهێنان.

لە کاتی داگیرکردنی ئەفغانستان لە لایەن سۆڤیەت، چەکدارانی ئەفغانی بە پشتیوانی ئەمەریکا توانیان چەندین هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی جەنگی سۆڤیەت بەم مووشەکە بخەنە خوارەوە.

لە ئێستاشدا، ئەمریکا و هۆڵەندا و لاتڤیاو ئەڵمانیا، 500 مووشەکی ستێینگەریان ناردووە بۆ ئۆکراین.

مووشەکی دژە زرێپۆشی سەرشان

مووشەکی دژە زرێپۆش کە لەسەر شان دادەنرێت لە ساڵی 1992ەوە لەلایەن چەندین سوپای وڵاتانی جیهانەوە بەکاردێت، ئەم مووشەکە لەلایەن کۆمپانیای دینامیت نۆبڵی ئەڵمانییەوە بەرهەمهێنراوە، بەپێی سەرچاوەکانی حکومەتی ئەڵمانیا لە سەروەختی جەنگ تا ئێستا، هەزاران مووشەکی لەم جۆرە ڕەوانەی ئۆکراین کراون.

 چەک و تەقەمەنی جۆراوجۆر

لە کۆتایی مانگی نیساندا ئەڵمانیا 100 تفەنگی ئۆتۆماتیکی و 100 هەزار نارنجۆک و 2000 مین و نزیکەی 5300 بۆمبی چێنراو و زیاتر لە 16 ملیۆن فیشەکی جۆری جۆراوجۆری بۆ کیێڤ ناردووە.