سەردێر

جەنگی رووسیا و ئۆکراین ناکۆکیی نێوان ئەمریکا و تورکیای چارەسەر کردووە؟

خەڵک-

پێدەچیت پەیوەندی نێوان ئەمریکا و تورکیا بەرەو باشبوون بچێت بەو پێیەی رێککەوتنی چەک لە نێوانیاندا ئەنجام دەدرێت و شارەزایان هۆکارەکەی بۆ کاریگەرییەکانی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراین دەگەڕێننەوە.

لە سەروبەندی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرایندا پەیوەندی نێوان ئەمریکا و تورکیا لە ئێستادا بەرەو باش بوون دەچێت پاش ئەوەی چەندین ساڵ دڵەڕاوکێی بەخۆیەوە بینی و شارەزایانیش پێیان وایە ئەمریکا دەیەوێت تورکیا وەک رێکارێک بەکاربهێنێت بۆ زیاتر فشارخستنە سەر رووسیا.

بە پێی رۆژنامەی (وۆڵ ستریت)ی ئەمریکی، “جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا داوای رەزامەندی لە کۆنگرێسی ئەمریکی کردووە لەسەر فرۆشتنی فڕۆکەی ف16 و مووشەک و چەکی ئەلیکترۆنی بە ئەنقەرە، بەو پێیەی تورکیا رۆڵی باشی هەبووە لە ئەنجامدانی گفتوگۆی ئاشتیخوازانەی نێوان رووسیا و ئۆکراین و پشتیگیریکردنی کیێڤ بە چەکی سەربازی”.
ئەمە لە کاتێکدا پێشتر پەیوەندی نێوان ئەمریکا و تورکیا لە گرژی و ئاڵۆزیدا بووە و بەو هۆیەشەوە تورکیا بە درێژایی دوو ساڵی رابردوو هەمیشە لە هەوڵدا بووە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی لە هەموو ئاستێکدا لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دراوسێ و رۆژئاوادا بە ئەمریکاشەوە، پاش ئەوەی ئەنقەرە رووبەرووی چەندین کێشەی ناوخۆیی بووەیەوە لە رووی ئابوورییەوە”.