سەردێر

بۆچی رووسیا نایەوێت فینلەندا بچێتە ناتۆ؟

خەڵک-

وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە داواکاری فینلەندا بۆ چوونە نێو ناتۆ و بە هەڕەشە باسی لێوەکرد بۆ وڵاتەکەی و جیهانیش.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆشکی کرێملین رایگەیاند “فینلەندا بە چوونە نێو هاوپەیمانی ناتۆ هەڕەشە دورستدەکات بۆ رووسیا”.

لەو بارەیەوە، دیمێتری بێسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا رایگەیاند “فراوانبوونی هاوپەیمانی ناتۆ و نزیکبوونەوەی لە سنوورەکانمان جیهان سەقامگیرتر ناکات و بەڵکو هەڕەشە دەبێت بۆ رووسیا”.
لە لایەکی دیکەوە، یێنس ستۆڵتنبێرگ، ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانی ناتۆ رایگەیاند “پرۆسەی هاتنەناوەوەی فینلەندا بۆ ناتۆ ئاسان و خێرا دەبێت”.

پێشتریش، ساولی نێنیستۆ، سەرۆکی فینلەندا رەزامەندی خۆی دەربڕی لە چوونە نێو هاوپەیمانی ناتۆ.

ئەمرۆش لە لێدوانێکیدا وتی “یەکشەممەی داهاتوو لیژنەیەکی تایبەت ئەم بابەتە تاووتوێ دەکات و دواتر بڕیاری هاتنەنێوی فینلەندا بۆ ناتۆ رادەگەیەنێت”.

سەبارەت بە رەخنەکانی بێسکۆڤ لەو بارەیەوە، نێنیستۆوتی ئاماژەی بەوەدا “چوونە نێو ناتۆ نابێتە هەڕەشە بۆ هیچ لایەنێک”.