سەردێر

ئەمریکا و فەڕەنسا یارمەتیی سەربازی پێشکەش بە ئۆکراین دەکەن

خەڵک-

بایدن رایگەیاند یارمەتیی سەربازی کە بە بڕی 800 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت پێشکەش بە ئۆکراین دەکەن و فەڕەنساش بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار پاڵپشتی خۆی بۆ ئەو وڵاتە خستەروو.

دوێنێ چوارشەممە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤلادیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین ئاماژەی بەوەدا کە “بە بری 800 ملیۆن دۆلار یارمەتیی سەربازی پێشکەش بەو وڵاتە دەکەن لە پێناو یارمەتیدانی لە رووبەرووبوونەوەیدا لەگەڵ رووسیادا”.

یارمەتییە سەربازییەکان چەکی قورسی وەک دەبابە، موشەک هاوێژ و فڕۆکە دەگرێتەوە، لەگەڵیشیاندا بایدن رەوانەکردنی چەندین هەلیکۆپتەری پەسەند کرد بۆ ئۆکراین.

ئامانجی ئەم یارمەتییە سەربازییەی ئەمریکا بۆ ئۆکراین، پاڵپشتیکردنێتی لە رووبەرووبوونەوەی لەگەڵ رووسیادا لەو جەنگەی بەرپای کردووە لە دژی، کە لە ئێستادا لە بەشی رۆژهەلاتی وڵاتەکە چڕ بووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، بە گوێرەی وتەی فلۆرانس بارلی، وەزیری سوپاکانی فەڕەنسا “وڵاتەکەی چەندین یارمەتی سەربازی پیشکەش بە ئۆکراین کرد کە بە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت”.

بارلی ئاماژەی بەوەشدا کە “یارمەتییە سەربازییەکان پێداویستی ئەلیکترۆنی و ئەو چەکە سەربازییانە لەخۆدەگرێت کە پێشتر ئۆکراین پێویستی خۆی لە بایەرەیانەوە راگەیاندبوو”.