سەردێر

پنتاگۆن: بڕیاری دەركردنی توركیا لە پڕۆگرامی فڕۆكەی ئێف35 كۆتایی هاتووە

خەڵك

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) ڕایدەگەیەنێت، پاشگەز نابنەوە لە دەركردنی توركیا لە پڕۆگرامی فڕۆكەی ئێف 35، سەرەتای مانگی داھاتوش ئەردۆغان و بایدن بۆ ھەمان پرس كۆدەبنەوە.
ئەنتۆنی سیمیل روس وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) دەڵێت، چوونە دەرەوەی توركیا لە پڕۆگرامی فڕۆكەی ئێف 35 پاشگەز بوونەوەی نییە و ئەو بابەتە لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردووەوە داخراوە.

لەبەرامبەردا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا ڕایگەیاند، سەرەتای مانگی داھاتوو لە شاری گلاسكۆی سكۆتلەندا و لە پەراوێزی كۆنگرەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی ژینگە، لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا كۆدەبێتەوە، یەكێك لە بابەتە سەرەكییەكانی كۆبوونەوەكەشیان كڕینی فڕۆكە ئێف 35ی ئەمریكایە، چونكە وڵاتەكەی بڕی ملیارێك و 400 ملیۆن دۆلاری بە ئەمریكا داوە، بەڵام ھیچ فڕۆكەیەكیان وەرنەگرتووە.

جێی ئاماژەیە، ئەنقەرە داوای زیاتر لە 100 فڕۆكەی ئێف 35 ی كردووە كە خۆی بەشدار بووە لە دروستكردنی چەند پارچەیەكیدا، بەڵام لە ساڵی 2019ەوە و دوای ئەوەی موشەكی ئێس 400 ی لە ڕوسیا كڕی، لە پڕگۆرامی ئێف 35ی ئەمریكایی دوورخرایەوە.