سەردێر

نیویۆرك تایمز: فەخریزادە ڕۆبۆت كوشتوویەتی

خەڵك

ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكایی وردەكاریی نوێی لەسەر كوشتنی زانا ئەتۆمییەكەی ئێران ئاشكراكرد و دەڵێت، لەڕێگەی ڕۆبۆتێكی بكوژەوە كوژراوە كە ئەوەش یەكەمجارە ئەنجام دەدرێت.
ڕۆژنامەكە بڵاویكردووەتەوە‌، هێزەكانی ئەمریكا و مۆسادی ئیسرائیل ماوەی 14 ساڵ هەوڵی كوشتنی موحسن فەخریزادەیان داوە، تا دواجار توانیان لە مانگی (تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو كردەوەكە ئەنجامبدەن.

ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكایی ئاشكراشیكردووە، شێوازی كوشتنەكەی فەخری زادە لە ‌ڕێگەی چەكێكی نوێی تەكنەلۆژی و چەند كامێرایەك كە لە ڕێگەی مانگی دەستكردەوە كاری پێدەكرێت لەگەڵ ڕۆبۆت ئەنجامدراوە.

ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ڕوونیشی كردووەتەوە، تیمەكەی دەزگای موسادی سەر بە ئیسرائیل لە ڕێگەی مانگی دەستكردەوە بەدووری هەزاران میل لە ڕێگەی كامێراوە چاودێریی شوێنەكەی فەخریزادەی كردووە، دواتریش لە ‌ڕێگەی ڕۆبۆتێكەوە لەناو ئۆتۆمبێلێكەوە دەستڕێژی گوللەی لێكردووە‌ كوژراوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، لێپرسراوە ئێرانییەكە‌ پێچەوانەی زۆربەی لێپرسراوانی باڵای ئێران، زۆربەی كات بەئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی گەشتی كردووە بەبێ پاسەوان و لەگەڵ خانەوادەكەیدا بووە.

جێی ئاماژەیە، ڕۆژی 27ی تشرینی دووەمی ساڵی 2020 میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، موحسین فەخریزادە، زانا و لێپرسراوی یەكەمی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە پەلامارێكی تێرۆریستیدا لە دەماوەندی سەر بە تارانی پایتەختی ئێران تێرۆركراوە.