سەردێر

ژمارەی مردن لە ئێران بە كۆرۆنا 116 هەزار كەسی تێپەڕاند

خەڵك-
پەیوەندییەكان گشتییەكان لە وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایدەگەیەنێت، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە 18 هەزار تووشبووی نوێ‌ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركرا، ئەمەش بە ژمارەیەكی كەمتری تووشبوونی ڕۆژانە لە وڵاتەكەدا دادەنرێت.

پەیوەندییە گشتییەكان لە وەزارەتی تەندروستی ئێران لە ڕاپۆرتی ڕۆژانەی خۆیدا ڕایگەیاند، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 18 هەزار و 21 كەس لە ئێران تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و 453 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لە دەستداوە.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەكەی پەیوەندییە گشتییەكانی وەزارەتی تەندروستی ئێران “لە سەرەتای دەركەوتنی ڤایرۆسەكە تاكو ئەمڕۆ پێنج شەممە، 5 ملیۆن و 378 هەزار و 408 كەس لە ئێران تووشی كۆرۆنا بوون و 4 ملیۆن و 682 هەزار و 704 كەسیش نەخۆشییەكەیان پەڕاندووە و چاكبوونەتەوە.

وەزارەتی تەندروستی ئێران دەڵێت”بەهۆی ڤایرۆسەكەوە تا ئێستا 116 هەزار و 72 كەس لە ئێران گیانیان لەدەستداوە.