سەردێر

لە كۆنگرەی ژنێڤ زیاتر لە یەك ملیار دۆلار بۆ ئەفغانستان كۆكرایەوە

خەڵك

لە كۆنگرەی كۆمەكبەخشان لە ژنێڤ، زیاتر لە یەك ملیار دۆلار بۆ ئەفغانستان كۆكرایەوە.


مارتن گریفیس بریكاری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مرۆیی ڕایگەیاند، لە كۆی سێ ھاووڵاتی ئەفغانستانی یەكێكیان بە ئەستەم خۆراك پەیدا دەكات و توانیوویانە لەو كۆنگرەیە زیاتر لە یەك ملیار دۆلار كۆبكەنەوە.

ھاوكات، ھایكۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، بڕی ھاوكارییە مرۆییەكانیان بۆ ئەفغانستان بە تێكڕای ١٠٠ ملیۆن یۆرۆ زیاد دەكەن و پلانیشیان ھەیە كە ٥٠٠ ملیۆن یۆرۆی تر بۆ ئەو وڵاتە تەرخان بكەن.

لایخۆیەوە، لیندا توماس باڵیۆزی ئەمریكاش لە نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند، بە بڕی ٦٤ ملیۆن دۆلار ھاوكاری پێشكەش دەكەن و مەرجی ئەوەیان ھەیە كە بزووتنەوەی تاڵیبان بە نووسراو پابەندی بە پێشكەش كردنی ھاوكارییە مرۆییەكان و پاراستنی مافی ژنان و كەمە نەتەوەكان ڕابگەیەنێت.