سەردێر

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هۆشدارییەكی “زۆر گرنگ” لەبارەی داعشەوە ڕادەگەیەنێت

خەڵك-
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەگژداچوونەوەی داعش لە عیراق و سوریا، هۆشداریی دەدات لەوەی كەمپی هول ببێتە جێداڵدەی توندڕەوەكانی سەر بە داعش، گەر كۆمەڵی نێودەوڵەتی دەستوەردان نەكات.


بەپێی بەیاننامەیەك كە ئەمڕۆ سێ‌ شەممە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە بڵاوكرایەوە”هەماهەنگی بەردەوام لەگەڵ هاوبەشەكانمان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و سەركردەكان، لەڕووی هەوڵەكانی گێڕانەوەی كەمپەكان بۆ نێوخۆی وڵاتەكانیان، زۆر گرنگە بۆ زامنكردنی سەرهەڵنەدانەوەی داعش”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”گەر كۆمەڵی نێودەوڵەتی دەستوەردان نەكات، كەمپی هول دەبێتە جێداڵدەی ئەو توندڕەوانەی پشتیوانی لە داعش دەكەن”.

كەمپی ئەلهول كە لەئێستادا لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵتییەوە لە سوریا چاودێری دەكرێت، دەیان هەزار خێزانی چەكدارانی داعشی لەخۆگرتووە، بە بۆچوونی زۆرێك لە چاودێرانیش، گەر چارەسەرێكی گونجاوی بۆ نەدۆزرێتەوە، وەك بۆمبێكی تەوقیتكراوە و لە هەر كاتێكدا بێت دەتەقێتەوە.