سەردێر

ژمارەی تووشبوانی كۆرۆنا لە ئێران 5 ملیۆن كەسی تێپەڕاند

خەڵك-
پەیوەندییەكان گشتییەكان لە وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایدەگەیەنێت، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە 33 هەزار تووشبووی نوێ‌ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركرا، ئەمەش بە ژمارەیەكی زۆری تووشبوونی ڕۆژانە لە وڵاتەكەدا دادەنرێت.

پەیوەندییە گشتییەكان لە وەزارەتی تەندروستی ئێران لە ڕاپۆرتی ڕۆژانەی خۆیدا ڕایگەیاند، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 33 هەزار و 170 كەس لە ئێران تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و 599 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لە دەستداوە.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەكەی پەیوەندییە گشتییەكانی وەزارەتی تەندروستی ئێران “لە سەرەتای دەركەوتنی ڤایرۆسەكە تاكو ئەمڕۆ چوار شەممە، 5 ملیۆن و 25 هەزار و 233 كەس لە ئێران تووشی كۆرۆنا بوون و 4 ملیۆن و 237 هەزار و 315 كەسیش نەخۆشییەكەیان پەڕاندووە و چاكبوونەتەوە.

وەزارەتی تەندروستی ئێران دەڵێت”بەهۆی ڤایرۆسەكەوە تا ئێستا 108 هەزار و 393 كەس لە ئێران گیانیان لەدەستداوە.