سەردێر

“ئەشرەف غەنی بە چوار ئۆتۆمبێل و هێلیكۆپتەرێكی پڕ لە پارە ڕایكردووە”

خەڵك

باڵیۆزخانەی ڕوسیا لە كابوڵ ئاشكرایدەكات ئەشرەف غەنی، سەرۆكی ئەفغانستان بە چوار ئۆتۆمبێل و هێلیكۆپتەرێكی پڕ لە پارە هەڵاتووە، هەندێ پارەشی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە، چونكە پارەكە لە نێو فڕۆكەكە جێگەی نەبووەتەوە.
نیكیتا ئیشینكۆ وتەبێژی باڵیۆزخانەی ڕوسیا لە كابوڵ ڕایگەیاند: “چوار ئۆتۆمبێلیان پڕ كرد لە پارە، هەوڵیاندا هەندێكی بخەنە نێو هێلیكۆپتەرەوە، بەڵام هەمووی جێگەی نەبووەتەوە، بۆیە ئەوەی تریان بەجێهێشتووە.”

پێشتر زەمیر كۆبۆلۆڤ، نێردەی تایبەتی ڕوسیا بۆ ئەفغانستان ئاماژەی بەوەدابوو، نازانرێت غەنی چەند پارەی لەگەڵ خۆی بردووە، بەڵام هیوای خواستبوو “تەواوی پارەی بودجەی گشتی لەگەڵ خۆی نەبردبێت.”

ئەمەش لە كاتێكدایە، ڕۆژی شەممە 14ی ئابی 2021 ئەشرەف غەنی، سەرۆكی ئەفغانستان و بیسمیلا محەمەدی سەردانی سەنگەرێكی سەربازییان لە كابوڵ كرد و بەڵێنیان دا كە بەرگری لە وڵاتەكەیان بكەن، بەڵام ڕۆژی یەكشەممە 15ی ئابی 2021 سەرۆكی ئەفغانستان وڵاتەكەی جێهێشت.