سەردێر

هاوشێوەی توركیا ئاگر بەرۆكی ئیتاڵیا و یۆنانی گرتووە

خەڵك

ئاگرێك لە دوورگەی ساردینیا لە ئیتاڵیا كەوتووەتەوە، تا ئێستا بووەتە هۆی دەربەدەربوونی زیاتر لە هەزار و 500 كەس. هاوكات، دەسەڵاتدارانی یۆنان ڕایدەگەیەنن، ئاگرێك لەنزیك شاری پاتراس كەوتووەتەوە كە سێیەم گەورەترین شاری وڵاتەكەیە.


بەپێی كۆمسیۆنی ئەوروپا، ئاگرەكە لە ناوچەی مۆنتیفێرو، كە دەكەوێتە ناوەندی ئەو دوورگەیە، بەهۆی شەپۆلی گەرماوە كەوتووەتەوە، هیچ حاڵەتێكی برینداربوون و گیانلەدەستدان بەهۆی ئاگرەكەش تۆمار نەكراوە.

كریستیان سالیناس، سەرۆكی هەرێمی ساردینیا ئاگرەكە بە “یەكێك لە هەرە كارەساتە سرووشتییە جیددیەكان كە لە ساردینیا روویداوە” ناودەبات و دەشڵێت “كارەساتێكە وێنەی نەبووە” لە مێژووی هەرێمی ساردینیادا.

سەرۆكی ئەو هەرێمەی ئیتاڵیا دەڵێت، تاوەكو ئێستا 20 هەزار هێكتار لە دارستان كە مێژووی ژینگەیی دوورگەكەیان بۆ چەندین سەدە دەخستەڕوو، سووتاون.

میدیاكانی ئیتاڵیا دەڵێن، پێویستیان بە لانیكەم 15 ساڵی ترە بۆ بونیادنانەوەی ئەوەی بەهۆی ئاگرەكەوە لەدەستچووە، كە بووەتە هۆی سووتانی دارستان، لەوەڕگا، داری زەیتوون و چەندین شوێنی تری كشتوكاڵی، ئەمەش جگە لەوەی ئاگرەكە چەندین ئاژەڵی كوشتووە.

دوای ڕووداوەكەش، فەڕەنسا و یۆنان چوار فڕۆكەی تایبەت بە كوژاندنەوەی ئاگریان ڕەوانەی ئیتاڵیا كردووە بەمەبەستی هاوكاریكردنیان لە كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكەدا.

هاوكات، میدیاكانی یۆنان بڵاویانكردەوە، ڕووبەرێكی زۆر و ژمارەیەك خانوو لەو وڵاتە بەهۆی كەوتنەوەی ئاگر لە دارستانەكان سووتاون و چەند كەسێكیش بەهۆی ئاگرەكەوە برینداربوون، ئاگركوژێنەوەكانی ئەو وڵاتەش لە هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكەدان.

دەسەڵاتدارانی یۆنان دەڵێن، ئاگرەكە لەنزیك شاری پاتراس كەوتووەتەوە كە سێیەم گەورەترین شاری وڵاتەكەیە. نزیكەی 145 ئاگركوژێنەوە، 50 ئۆتۆمبێلی تایبەت بە كوژاندنەوەی ئاگر و هەشت فڕۆكە و هێلیكۆپتەری ئاگركوژێنەوە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە جووڵەیان پێ كراوە.

ئاگرەكە لە دووریی 210 كیلۆمەتر لە ئەسینای پایتەختی یۆنان كەوتووەتەوە. دەسەڵاتداران دانیشتووانی چوار گوندی ناوچەكە و خەڵكی ناوچە گەشتیارییەكانی كەناراوەكانی لۆگۆسیان گواستوونەتەوە.

نەخۆشخانەكانی شاری پاتراس و شاری ئایگیۆ خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ چارەسەركردنی هەر كەسێك كە بەهۆی ئاگرەكەوە بریندار دەبێت، هێزەكانی سەر بە سوپای وڵاتەكەش جووڵەیان پێ كراوە بۆ رزگاركردنی خەڵك.

ئەمەش لە كاتێكدایە، چەند ڕۆژێكە لە توركیا ئاگر لە دارستانەكانی 26 پارێزگا كەوتووەتەوە و بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان، تائێستا چوار كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 270 كەس بریندارن، هەروەها سەدان هەزار دار و زیندەوەر سووتاون.