سەردێر

ئاگركەوتنەوە لە توركیا لە بەرفراوانبوودایە

كۆنتڕۆڵنەكراوە

خەڵك-
میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە، ژمارەی گیان لەدەستدان بە ئاگركەوتنەوە لە دارستانەكانی باشووری توركیا بۆ چوار كەس بەرزبۆوە، دەیان گوندی لەنزیك ئاگرەكەش چۆڵكران.

ماوەی چەند رۆژێكە ئاگرێكی گەورە لە ناوچەی بۆدروم كەوتۆتەوە و بەشێك لە هۆتێلەكانیش كە گەشتیاریان تێدایە بوو، لەگەڵ چەند گوندێكی نزیك ڕووداوەكە چۆڵكراون، بەپێی زانیارییە ڕۆژنامەوانییەكانیش، تیمەكانی ئەمبوڵانسی فریاكەوتنی لە ئەنجامی دوكەڵی هەڵمژراو و دروستبونی حاڵەتەكانی تەنگەنەفەسی، 183 كەسیان گواستووتەوە بۆ نەخۆشخانەكان كە سێ‌ كەسیان تووشی سوتان بوون و لەژێر چاودێری پزیشكیدان.

بەگوێرەی هەواڵ، ژمارەی ئەو كەسانەی گیانیان لەدەستداوە بەهۆی ئاگركەوتنەوەكانی توركیا، گەیشتۆتە چوار كەس، حكومەتی توركیاش دەڵێت، لەڕێی زیاتر لە چوار هەزار كارمەندی ئاگركوژێنەوەوە و بە پشتیوانی هێلیكۆپتەرەكان لەهەوڵدان بۆ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە، بەڵام تائێستا كۆنترۆڵ نەكرا و دەسەڵاتدارانیش دەستییان بە لێكۆڵینەوە كردووە لە هۆكاریی كەوتنەوەی ئاگرەكان كە بە بۆچوونی هەندێك بۆ بەرزبونەوەی پلەی گەرما دەگەڕێتەوە.