سەردێر

سعودیە مەرجی بۆ حەجكردن دانا

خەڵك-
وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە، مەرج بۆ هەموو ئەو كەسانە دادەنێت كە ژمارەیان دەگاتە 60 هەزار كەس و هەڵبژێردراون بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لەمساڵدا، مەرجەكەش خۆی لە وەرگرتنی هەردوو ژەمە ڤاكسینی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنادا دەبینێتەوە.

وەزارەتەكە لە ڕاپۆرتێكیدا كە لەلایەن ڕۆژنامەی The National وە بڵاوكرایەوە ڕایگەیاندووە”بۆ هەموو ئەو هاووڵاتیانەی ژەمی دووەمی ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرنەگرتووە، سەردانی نزیكترین كلینك بكەن بۆ وەرگرتنی ژەمی دووەم بەبێ‌ كەرەنتینەكردن، تا لە ماوەی 48 كاتژمێردا مۆڵەتی حەجكردن وەربگرن”.

هەر لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە”بەهۆی پەتای كۆرۆناوە لەمساڵدا ئامادەییەكی زۆر لە مەراسیمی حەجكردندا نابێت، ڕێگەش بە هاووڵاتیان و نیشتەجێكانی سعودیە نادرێت كە تەنیا یەك ژەم ڤاكسینیان وەرگرتووە، فەریزەی حەج ئەنجام بدەن”.

وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە دەڵێت”ئەو كەسانەش پێشدەخرێن بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج كە لەماوەی پێنج ساڵی ڕابروودا حەجیان نەكردووە، یان ئەوانەی تەمەنییان لە 50 ساڵ زیاترە و فەریزەی حەجیان بەجێنەگەیاندووە”.