سەردێر

میسر خەریكی نێوەندگیری ئیسرائیل و حەماسە

سیسی: پێویستە خوێن ڕشتن رابگیردرێت

خەڵك-

سەرۆكی میسر عەبدولفەتاح سیسی بۆ كەناڵی فڕانس 24ی فەڕەنسایی رایگەیاند پێویستە توندوتیژییەكانی غەزە رابگیردرێن و چیدیكە خوێن نەڕژێت، لە پێناو گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

سیسی راشیگەیاند كار دەكەن بۆ راگیرانی شەڕ، چونكە بەردەوامیدان بە قوربانیدان خزمەتی سەقامگیری و چارەسەری دوو دەوڵەت لە ناوچەكەدا ناكات.

سەرۆكی میسر دەڵێت: كاری پلە یەك لە ئێستادا بە ڕوونی گەڕانەوەی ئارامیی و راگیرانی توندوتیژییە بۆ كۆتایهێنان بە ململانێ و شەڕ.

هاوكات سیسی فەرمانی كرد بە كردنەوەی مەرزی رەفەح لەگەڵ غەزە و كردنەوەی دەرگەی نەخۆشخانەكان بۆ پێشوازیكردن لەبریندارانی غەزە.

دوێنێش سامح شوكری وەزیری دەرەوەی میسر لە كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەب لە بارەی غەزەوە ئاشكرایكرد پێوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل كردووە لە رۆژانی رابردوودا لە پێناو ئارامكردنەوەی رەوشەكە لە قودسی خۆرهەڵات، بەڵام ئەنجامی پێویست نەبووە.