سەردێر

پێكدادانەكانی قودسی خۆرهەڵات نزیكەی 200 برینداری لێكەوتەوە

هێزە ئیسرائیلییەكان هێرشیان كردە سەر مزگەوتی ئەقسا

خەڵك-

پێكدادانی هێزە ئاسایشییەكانی دەوڵەتی ئیسرائیل و نوێژخوێنانی مزگەوتی ئەقسا لە قودسی خۆرهەڵات بۆ سێهەم شەو بەردەوامی هەبوو لە شەوی رابردوو تا بەیانی ئەمڕۆ و تا ئێستاش درێژەی هەیە.

سەرباری بانگەوازە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان بۆ راگیرانی توندوتیژییەكانی قودسی خۆرهەڵات، بەڵام پێكدادانەكان بەردەوامن، بەیانی ئەمڕۆ هێزە ئیسرائیلییەكان چوونە نێو گۆڕەپانەكانی مزگەوتی ئەقساوە، پێكدادانی توند رووی داوە.

بەپێی سەرچاوەكانی دەنگوباس لە پێكدادانەكان شەوی رابردوودا تا ئێستا 180 كەس بریندار بوون.

لەلایەكی دیكەوە هێزە ئیسرائیلییەكان و گرووپە چەكدارەكانی غەزە تۆپبارانی ناوچەكانی یەكدییان كردووە لە شەوی رابردوودا.

چەند سەرچاوەیەك رایانگەیاندووە كە ئیسرائیل خۆی بۆ پەرەسەندنی زیاتر و رەوشی نوێ ئامادەكردووە.