سەردێر

توركیا پەیوەندییەكانی لەگەڵ عەرەبستان ئاسایی دەكاتەوە

هەفتەی داهاتوو چاوش ئۆغلۆ سەردانی عەرەبستان دەكات

خەڵك-

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی بلۆمبێرگ سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان هەوڵەكانی دەستپێكردووە بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ عەرەبستانی سعودی لە چوارچێوەی باشكردنی پێوەندییەكانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

بەپێی راپۆرتی ئەم ئاژانسە، ئەنقەرە هەوڵ دەدات بۆ باشكردنی پێوەندییەكانی لەگەڵ دەوڵەتانی كەنداو، بەتایبەت عەرەبستانی سعودی، لە ئەم چوارچێوەیەشدا پلان هەیە مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا هەفتەی ئایندە سەردانی عەرەبستان بكات.

سەردانەكەی ئۆغلۆ یەكەم سەردانە لەدوای رووداوی كوشتنی رۆژنامەوانی سعودی جەمال خاشقجی لە نێو كونسوڵخانەی عەرەبستان لە ئیستەنبوڵ كە محەمەد بن سەلمان جێنشینی عەرەبستان تۆمەتبار كرا بە ئەم تاوانە.

بەهۆی پشتیوانیكردنی توركیا بۆ گرووپە ئیسلامییە توندڕۆكان پێوەندییەكانی توركیا لەگەڵ میسر و سعودیە و ئیمارات لە ماوەی رابردوودا گرژی بەخۆیەوە بینی.