سەردێر

سەرۆكی پەرلەمانی ماڵدیڤ لە هەوڵێكی كوشتن رزگاری بوو

خەڵك-

سەرۆكی پێشووی ماڵدیڤ محەمەد نشێدی كە ئێستا سەرۆكی پەرلەمانی ماڵدیڤە بریندار بوو بەهۆی هەوڵێكی كوشتنەوە كە كرایە ئامانج بەهۆی ماتۆڕی بۆمبڕێژكراوەوە لە كاتی سەركەوتنی بۆ نێو ئۆتۆمبێلەكەی.

بەرپرسێك لە حكومەتی ماڵدیڤ بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێس رایگەیاند نشێد تەمەنی 53 ساڵە لە هەوڵی كوشتن رزگاری بووە، بەڵام بریندار بووە و رەوشی تەندروستیشی جێگیرە.

هێزە ئەمنییەكان شوێنی هێرشكردنەسەر سەرۆكی پەرلەمانیان گەمارۆ دا لە دوای رووداوەكە.

سەرچاوەیەكی نزیك لە سەرۆكی پەرلەمان بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێس دەڵێت رەوشی سەرۆك جێگیرە و لە هۆشی خۆی نەچووە، لەگەڵ پزیشكەكانی قسەی كردووە كاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، بەڵام لە هەندێك شوێنی جەستەیەوە بریندار بووە و هاوكات لەگەڵ خۆشیدا پاسەوانێكیشی بریندار بووە.

دورگەكانی ماڵدیڤ كۆمەڵێك دوورگەن لەنێو زەریای هیندی هەڵكەوتووە ژمارەی دانیشتوانەكەی 330 هەزار كەسن و مسوڵمانن، بەشوێنێكی گرنگ و سەرنجراكێشی گەشتیاری دادەنرێت.