سەردێر

ئۆستن: كشانەوەی ئەمریكاییەكان لە ئەفغانستان بەردەوامە

خەڵك-

وەزیری بەرگری ئەمەریكا لوید ئۆستن رایگەیاند پەنتاگۆن پشتیوانی ناردووە بۆ وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان تاوەكو كشانەوەی هێزە بیانییەكان بەباشی جێبەجێ بكرێت.

ئۆستن لەمیانەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا رایگەیاند ” تاوەكو ئێستا كشانەوەكە كە كەمتر لە هەفتەیەكە دەستیپێكردووە بەوشێوەیە بەڕێوەدەچێت كە پلانی بۆ داندراوە.”

بەپێی هەواڵی دەنگی ئەمریكا، لە وەڵامێكدا سەبارەت بە شەڕ و پێكدادانەكانی هەرێمی هێڵماندا كە هاوكات بوو لەگەڵ دەستپێكردنی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكادا وتی ئەوە پێشبینی كراوبوو.

راشیگەیاند “ئەوەی دەیبینین ئەوەیە كە پێشبینیمان دەكرد، زیادبوونی فشارەكان.”

سەبارەت بە پاراستنی پڕۆسەی كشانەوەكە، سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی ئەمەریكا جەنەڕاڵ مارك مێڵی رایگەیاند، پەنتاگۆن شەش تۆپهاوێژی قورسی لە جۆر بی-52 و 12 فڕۆكەی شەڕكەری جۆری ئێف-18 ی ” بڵاوكردۆتەوە “، ئەوەش بەمەبەستی ” پشتیوانی ئەگەر پێویست بكات.”

سەرەتای ئەم هەفتەیە شەڕ و پێكدادانێكی قورس لە ناوچەی هێڵماندی باشووری ئەفغانستان ڕوویدا، ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ دەستپێكردنی كشانەوەی دوایین 2500 سەربازەكەی ئەمەریكا كە هێشتا لە ئەفغانستاندا ماون، زیاتر لە 16 هەزار كارمەندی مەدەنی كە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمەریكادا هەیە.