سەردێر

لە ئەمریكاوە هۆشداری تێكچوونی سەقامگیری جیهان دەدرێت

مارك مێیلی: چین گەشەی كردووە چیتر ئەمریكا تاكە بەهێزەكەی جیهان نییە

خەڵك-

سەرۆكی دەستەی ئەركانی سوپای ئەمریكا مارك مێیڵی رایگەیاند جیهان دەچێتەوە رەوشێكی تایبەتەوە، رەوشێك كە سەقامگیری تێدا نامێنێت لەباری نێونەتەوەییەوە، ئەمەش لەگەڵ گەشەكردنی توانای چین و دەركەوتنی تەكنیك و پیشەسازی و رۆبۆتی نوێ كە یەكلاكەرەوەی جەنگن.

مارك مێیلی رەوشی ئێستای بەراورد كرد بە گۆڕانكارییە جیۆسیاسییە سەرەكییەكانی دیكەی كە لە مێژوودا روویان داوە لە جیهاندا وەك رووخانی رۆما و هەرەسهێنانی یەكێتیی سۆڤێت.

مێیلی لە گوتاری خۆیدا لە زانكۆی هاوارد رایگەیاند، ئێمە لە پێشوازی سەردەمێكداین كە لە ڕووی نێونەتەوەییەوە سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت.

ئاماژەی بە ئەوەش كرد گەشەكردنی تواناكانی چین گۆڕانكاری لە رەوشی ئێستا دروست دەكات، دوای سەردەمێك لە ئەوەی كە ئەمریكا بەشێوەیەكی بنەڕەتی هێزی سەربازی و سیاسی و ئابووری جیهان بوو بێ ئەوەی كەس ململانێی بكات.