سەردێر

ئەڵمانیا رێكخراوێكی ئیسلامی دادەخات

وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا: ئەم رێكخراوە هاوكاری دارایی ناردووە بۆ بەرەی نوسرە و شەباب و حەماس

خەڵك-

حكومەتی ئەڵمانیا رێكخراوێكی ئیسلامی بە تۆمەتی پشتیوانی دارایی كردە و گرووپی تیرۆرستی دادە خات.

بەپێی ئاژانسەكانی هەواڵ، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا هۆرست زیهوفەر رێكخراوی ئەنسار ئەنتەرناشناڵی ئیسلامی و ژمارەیەك گرووپی دیكەی سەر بە ئەم رێكخراوەی داخستووە بەهۆی ئەوەی هاوكاری دارایی تیرۆرستانیان كردووە.

وتەبێژی وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەم تۆڕە پشتیوانی كاری تیرۆرستی كردووە لە رێگای كۆكردنەوەی هاوكاری ‌و بەخشینەوە و ناردوویانە بۆ گرووپی تیرۆرستی.

راشیگەیاند، بۆ شەڕی تیرۆر دەبێت سەرچاوەی دارایی تیرۆرستان وشك بكرێـت.

بەپێی راپۆرتی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، ئەم رێكخراوە پارەی كۆكردووەتەوە و ناردوویەتی بۆ رێكخراوە تیرۆرستییەكانی بەرەی نوسرە لە سووریا و بزووتنەوەی شەباب لە سۆماڵ و بزووتنەوەی حەماس لە غەزە.

وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ئاشكراشیكردووە ئەم رێكخراوە بەناوی فریاگوزاری پارەی كۆكردووەتەوە بۆ سۆماڵ و سووریا و میانمار و بزووتنەوەی حەماسی لە غەزە ناردووە.