سەردێر

گفتووگۆی فەڕمی میسر و توركیا دەستپێدەكات

غازی دەریای نێوەڕاست و ئیخوان و لیبيا بابەتی سەرەكی گفتووگۆكانن

خەڵك-

وەزارەتی دەرەوەی میسر رایگەیاند راوێژ و راگۆڕینەوەی سیاسی لەنێوان میسر و توركیا بە سەرۆكایەتی باڵوێز حەمدی لوزا جێگری وەزیری دەرەوە و باڵوێزی یەكەم سادات ئۆنال جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا لە رۆژانی 5 و 6ی ئایار بەڕێوەدەچێت.

بەپێی شارەزایان گفتووگۆكانی نێوان ئەم دوو وڵاتە كۆمەڵێك بابەتی هەرێمی و نێونەتەوەیی لەخۆی دەگرێت، لەوانە دۆسێی غاز لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست و رێكخستنەوەی سنوور، دۆسێی لیبیا، دۆسێی ئیخوان لە توركیا و داواكردنی میسر بە رادەستكردنەوەی سەركردەكانی ئیخوان.

شارەزایان پەیدابوونی رێككەوتنێكی گشتگیری ستراتیژی لەم كاتەدا بە دوور دەزانن، بەڵام گفتووگۆكان لە بواری هەماهەنگی لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی و هەرێم و رێكخستنی رێوشوێنەكانی تایبەت بە رادەستكردنەوەی سەركردەكانی ئیخوان دەگرێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی میسر روونیكردەوە ئەمانە گفتووگۆی دۆزەرەوەن لە پێناو هەنگاو پێویستەكان بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەباری دووقۆڵی و هەرێمییەوە.

كەریم سەعید پسپۆڕی كاروباری توركیا رایگەیاند دۆسێی غاز و لیبیا لە بابەتە لە پێشینەكانی گفتووگۆكانی قاهیرە و ئەنقەرەیە، لەگەل دۆسێی ئیخوان.

روونیشیكردەوە بەپێی ئاستی گفتووگۆكان پێویست دەكات توركیا سەركردە و ئەندامانی ئیخوان ئەوانەی تۆمەتی كاری تیرۆرستیان لەسەرە دووربخاتەوە و ئەوانەشی دادگای میسر داوای كردوون رادەستیان بكاتەوە.