سەردێر

كۆرۆنا تەنگی بە هیندستان هەڵچنیوە

خەڵك-
هیندستان ژمارەیەكی پێوانەیی جیهانی لە تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركرد، كۆی گشتی ژمارەی گیانلەدەستدانیش بە ڤایرۆسەكە گەیشتە 200 هەزار.

تەوژمی دووەمی كۆرۆنا لە هیندستان، لە هەفتەی ڕابردوودا ڕۆژانە زیاتر لە 300 هەزار كەسی تۆماردەكرد، ئەمەش توانای ناوەندە تەندروستیەكان و كورەكانی سوتاندنی تەرمەكانی تێپەڕاند كە وایكرد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەدەنگەوەهاتنێكی فراوان هەبێت بۆ یارمەتیدانی هیندستان.

لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوو، دەسەڵاتدارانی تەندروستی لە هیندستان، تۆماركردنی 360 هەزار و 960 حاڵەتی تووشوونی نوێیان بە كۆرۆنا ڕاگەیاند، ئەمەش بە زۆرترین ژمارە لە جیهاندا دادەنرێت كە كۆی گشتی ژمارەی تووشبوانی لە وڵاتەكەدا گەیاندە نزیكەی 18 ملیۆن.

ژمارەی مردووەكانیش بە كۆرۆنا لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوو گەیشتە 3292، ئەمەش بە بەرزترین ڕێژە تا ئێستا ئەژمار دەكرێت و كۆی گشتی ژمارەی مردووەكانیش لە وڵاتەكەدا بەهۆی كۆرۆناوە گەیشتە 201 هەزار و 187 كەس.