سەردێر

لە دەریای سوور هێرشكرایەسەر كەشتییەك

خەڵك-

ئاژانسی دەنگوباسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە كۆمپانیای درایاد گلوباڵ بۆ ئاسایشی دەریاوانی ئاشكرایكردووە كەشتی ئێن سی سی هێرشیكراوەتەسەر لە دەریای سوور لە سنووری عەرەبستانی سعودی.

تا ئێستا فەرمانڕەوایانی عەرەبستان هیچ لێدوانێكیان لەسەر ئەم رووداوە نەداوە.

رێكخراوی بازرگانی دەریایی بەریتانیا یو كەی ئێم تی ئۆ رایگەیاند زانیارییان پێگەیشتووە كە لە نزیك بەندەرێكی سعودیە لەسەر دەریای سوور هێرش كراوەتەسەر كەشتییەك.

لای خۆیەوە گرووپی نێودەوڵەتی بۆ بەڕێوەبردنی مەترسیی و ئەمنیەتی دەریاوانی ئاماژەی بە ئەوە كرد لە نزیك بەندەرەكە جموجۆڵی گوماناوی بەلەمی بچووك هەبوون بۆیە هۆشداری دراوە لەوێ.

سەرچاوەكان دەڵێن: ئاگر لە كەشتییەكەدا كەوتووەتەوە و دووكەڵی لێ بەرز بووەتەوە.

جەنگی كەشتییەكان ماوەی چەند ساڵێكە لە دەریای سوور، دەریای عەرەب، دەریای نێوەڕاست، كەنداوی عەرەب و كەنداوی عومان درێژەی هەیە، دەوڵەتان لەگەڵ پەرەسەندنەكانی نێوانیان پەنا دەبەنەبەر هێرشكردنە سەر كەشتییەكانی یەكدی.

بە تایبەت لە ئێستادا هەردوو دەوڵەتی ئێران و ئێسرائیل كەشتییەكانی یەكدی دەكەنە ئامانج.

دوو رۆژ لەمەوبەر هێرشكردنەسەر كەشتییەكی ئێرانی لە دەریای نێوەڕاست لە سنوری شاری بانیاس لە سوریا راگەیەنرا.