سەردێر

توركیا بە ئەم هەنگاوە مەترسیدارە وەڵامی ئەمریكا دەداتەوە

بە جینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان پەیوەندییەكانی ئەنقەرە و واشنتن تێكدەدات

خەڵك-
دواجار ئەمریكا هەنگاوە قورسەكەی بەرامبەر هاوپەیمانەكەی لە ناتۆ هاوێشت كە ساڵانێكە ناكۆكی لەنێوانیاندا هەیە، ئەویش ناساندنی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكانە لەلایەن عوسمانییەكانەوە بە جینۆساید لەلایەن جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكاوە، ئەم هەنگاوە لەلایەن كۆنگرێسی ئەمریكاوە پێشوازی گەرمی لێكرا.

هەنگاوێكی دیكەی ئیدارەی نوێی ئەمریكا بەرامبەر توركیا كە هەرزوو پێشبینی كرابوو توند دەبێت بەرامبەر ئەنقەرە، بێبەشكردنی توركیایە لە بەرنامەی فڕۆكەی جەنگی ئێف 35 .

ئەم هەنگاوانەی واشنتن بە تەواوەتی ئەنقەرەی نیگەران كردووە، چاوەڕێی وەڵامی توندی ئەنقەرە دەكرێت بۆ ئەمریكا.

لە راگەیەنراوێكی خێرادا وەزارەتی دەرەوەی توركیا رایگەیاند ئەم بڕیارەی بایدن برینێكی قوڵی دروستكرد.

سەرچاوەیەك لە فەرمانگەی پەیوەندییەكان لە سەرۆكایەتی كۆماری توركیا بۆ كەناڵی الجزیرە دەڵێت: هەنگاوەكانی ئەمریكا كاردانەوەی پێچەوانەی دەبێت، پەیوەندییەكانی هەردوولایەن لاواز دەكات.

سەرچاوەكە دەڵێت: ئەنقەرە كۆمەڵێك هەنگاوی ئامادە كردووە، یەكێك لەوانە داخستنی بنكەی ئەنچەرلیكە لەگەڵ كردنەوەی كونسوڵخانە لە شاری شوشە كە لە پایزی رابردوودا ئازەربایجان بە پشتیوانی توركیا لە ئەرمینیای سەندەوە، لەگەڵ بایكۆتكردنی كەلوپەلی ئەمریكایی و كردنەوەی دۆسێی قەرەبوو لە دادگا نێونەتەوەییەكان لەسەر رۆڵی ئەمریكا لە هەوڵی كودێتاكەی 2016دا.

كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان لە ساڵی 1915 لەلایەن فەرمانڕەوایانی عوسمانی لە جەنگی یەكەمی جیهاندا كە نزیكەی 1.5 ملیۆن كەسی تێدا كوژرا، لەلایەن كۆنگرێسی ئەمریكاوە لە 2019 بە فەڕمی بە جینۆساید ناسرا.