سەردێر

شەڕی ئیسرائیلی و فەلەستینییەكان بەردەوامە

غەزە بۆردومان كرا

خەڵك-

بۆ ماوەی چەند رۆژێكە شەڕ و پێكدادانی نێوان پۆلیسی ئیسرائیلی و هاووڵاتییە ئیسرائیلییەكان لەگەڵ خۆپیشاندەرە فەلەستینییەكان بەردەوامە، شەوی رابردوو پێكدادانی توند روویدا لەنێوانیاندا، ئەمە دوای چەند سەعاتێك لە بانگەوازی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیران بۆ هێوركردنەوەی رەوشەكە .

پێكدادانەكانی شەوی رابردوو چوارچێوەیەكی فراوانتری بە خۆیەوە بینی بەپێی ئاژانسی دەنگوباسی فەڕەسا.

مانگی سووری فەلەستینی رایگەیاند پێكدادانەكان بووە بەهۆی برینداربوونی 6 فەلەستینی و پێنج لەوان رەوانەی بەشی فریاگوزاری كراون.

پۆلیسی ئیسرائیل بۆ رێگری لە روودانی توندوتیژی لە چەند شارێك هێزی زۆرتری داناوە، بەڵام لە دوای نوێژی خەوتنان پێكدادان لە نزیك مزگەوتی ئەقسادا هەبوو.

لەلایەكی دیكەوە لە دوو رۆژی رابردوو لە ناوچەكانی غەزەوە لە لایەن گروپە چەكدارە ئیسلامییەكانی غەزەوە هێرشی مووشەكی كراوەتەسەر ناوچە نیشتەجێبووەكانی ئیسرائیل، لەبەرامبەردا هێزی لەشكری ئیسرائیلی بۆردومانی چەند بنكەیەكی ئەم گروپە چەكدارانەی كردووە.