سەردێر

ڕوسیا سنوورە ئاوییەكانی دادەخات و ئەمریكاش مانۆڕ ئەنجام دەدات

خەڵك

سوپای ڕوسیا سێ ڕێگەی گرنگ لە دەریای ڕەش، بە ڕووی كەشتی جەنگی وڵاتانی بیانیی دادەخات، ئەمریكاش بە نیازە لە نزیك سنووری ئەو وڵاتە، مانۆڕێكی سەربازیی گەورە، ئەنجام بدات.

وەزارەتی بەرگری ڕوسیا، لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، لە 24 ی ئەم مانگەوە تا 31 ی مانگی تشرینی یەكەمی داھاتوو، سوپای ئەو وڵاتە سێ ڕێگەی گرنگ لە دەریای ڕەش بە ڕووی كەشتی جەنگیی وڵاتانی بیانیی دادەخات.

وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕوونیشیكردەوە، ڕێوشوێنە سەربازییە نوێیەكان، لە سنووری ئاویی ڕوسیا، دەگیرێنەبەر.

دوابەدوای بڕیارەكەی مۆسكۆش، وەزارەتی دەرەوەی ئۆكراین و ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا، نیگەرانییان لە ڕێوشوێنە سەربازییە نوێیەكانی ڕوسیا لە دەریای ڕەش، دەربڕی.

هەروەك سوپای ئەمریكا ڕایگەیاند، بڕیارە لە مانگی داھاتوودا، مانۆڕێكی سەربازیی گەورە، بە بەشداری كەشتی فڕۆكەھەڵگر و زیاتر لە 15 ھەزار سەرباز و 240 فڕۆكەی جەنگیی، لە ویلایەتی ئالاسكا لە باكووری ئەو وڵاتە، بەڕێوەبچێت.