سەردێر

ڕێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی: ڕژێمی سوریا چەكی كیمیایی بەكارھێناوە

خەڵك

دوای ئەنجامدانی توێژینەوە، ڕێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی گەیشتە ئەو ئەنجامەی، ھێزەكانی ئاسمانی سوریا گازی كلۆر، كە چەكێكی كیمیاییە، لە ھێرشكردنە سەر شاری سەراقب لە ساڵی 2018 بەكارھێناوە.


ڕێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، تیمی توێژینەوە لە ڕێكخراوەكە”گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی یەكینەكانی ھێزە ئاسمانییەكانی سوریا چەكی كیمیاییان لە سەراقب لە 4ی/شوباتی 2018 بەكارھێناوە”. ئەو شارەش دەكەوێتە باشووری حەلەب بەدووری 50 كیلۆمەتر.

تیمی توێژینەوەی پەیوەست بەم پرسە بۆ دەستنیشانكردنی لایەنی بەرپرس لەو ھێرشە كیمیاییەدا، ئاشكرایكردووە: “ھەندێك پاڵنەر و بەڵگە ھەیە” بۆ دەستنیشانكردنی ھێلیكۆپتەرێكی سەربازیی سەر بە ھێزەكانی ئاسمانی سوریا” كە بۆردوومانی ڕۆژھەڵاتی سەراقبی كردووە بەلای كەمەوە بە بەرمیلێك لە ماددەی كیمیایی، بەرمیلەكە تەقیوەتەوە و غازی كلۆری لە پانتاییەكی بەرفراوان بڵاوكردووەتەوە و 12 كەسی پێكاوە”.

هاوكات، حكومەتی سوریا ڕەتیدەكاتەوە دەستی لە ھێرشەكانی چەكی كیمیایی دا ھەبێت و جەختدەكاتەوە لەوەی چەكە كیمیاییە ئەمباركراوەكانی ڕادەستی سەرپەرشتی نێودەوڵەتیی كردووە بەپێی ڕێككەوتنێك كە لەساڵی 2013 واژۆكراوە.