سەردێر

یەكێتی ئەوروپا 8 لێپرسراوی ئێرانی خستە لیستی سزاكانەوە

خەڵك

بەتۆمەتی بەشدارییان لە سەركوتی خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2019 و كوشتنی سەدان خۆپیشاندەر، یەكێتی ئەوروپا ناوی هەشت فەرماندە و لێپرسراوی سوپای پاسداران و پۆلیسی ئێران و قائیمقامێكی خستە لیستی سزاكانەوە.


یەكێتی ئەوروپا لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، بە تۆمەتی كوشتنی خۆپیشاندەران لە ساڵی 2019 دا هەشت لێپرسراوی سەربازی و حكومی ئێران خراونەتە لیستی سزاكانی ئەو یەكێتییەوە.

یەكێتی ئەوروپا ڕوونیشی كردووەتەوە، حسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران، غوڵامڕەزا سولەیمانی فەرماندەی بەسیج، محەمەد پاكپور فەرماندەی هێزی وشكانی سوپای پاسداران حسێن ئەشتەری فەرماندەی گشتیی پۆلیس، حەسەن كەرەمی فەرماندەی یەكەی تایبەتی پۆلیس، غوڵامڕەزا زیایی سەرۆكی پێشووی زیندانی ئیڤینی تاران و حەسەن شەهسەوار فەرماندەی سوپای پاسدارانی پارێزگای خوزستان و لەیلا واسقی قائیمقامی شاری قودسی تاران كە ڕۆڵی سەرەكیان بووە لە كوشتاری خۆپیشاندەران خراونەتە لیستی سزاكانی یەكێتی ئەوروپاوە.

جێی ئاماژەیە، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2019 لە دژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین خۆپیشاندان بەشێكی زۆری شارەكانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستانی گرتەوە و بە پێی چەند ئامارێك زیاتر لە هەزار كەس لەو خۆپیشاندانانەدا كوژراون و بەهەزارانی تر برینداربوون.

هاوكات زیاتر لە سێ هەزار كەسیش دەستبەسەركرابوون، كە بەشێكیان سزای لەسێدارەدان و زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا سەپێنرابوو.