سەردێر

سعودیە لەسەر نوێژی تەراویح بڕیاریدا

خەڵك-
سەرۆكایەتی گشتی كاروباری مزگەوتی حرام لە مەككە و مزگەوتی پێغەمبەر لە مەدەینە، ڕەزامەندی شا سەلمان بن عەبدولعەزیز پادشای سعودیە لەسەر ئەنجامدانی نوێژی تەراویح لەو دوو مزكەوتە ڕادەگەیەنێت.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن سەرۆكایەتی گشتی كاروباری مزگەوتی حرام لە مەككە و مزگەوتی پێغەمبەر لە مەدەینە بڵاوكرایەوە”شا سەلمان ڕەزامەندی دەربڕیوە، نوێژی تەراویح لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز لە هەردوو مزگەوتی حەرام و مزگەوتی پێغەمبەر لە مەدینە ئەنجام بدرێت، لەگەڵ هەندێك كەمكردنەوەی، وێڕای بەردەوامبوونی ڕێكارەكانی خۆپارێزی كە پێشتر لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە ئاماژەیان پێكرا”.

هەر لەو بارەیەوە، دكتۆر عەبدولڕەحمان بن عەبدولعەزیز ئەلسودەیس، سەرۆكی گشتی كاروباری مزگەوتی حەرام و مزگەوتی پیرۆزی مەدەینە ڕایگەیاند”سەركردایەتی وڵات پێداگرە لەسەر بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە ئاينییەكان لە هەردوو مزگەوتە پیرۆزەكە و فەراهەمكردنی هەموو ئاسانكارییەكان بۆ میوانەكان لەپێناو ئەنجامدانی كاریی پەرستن و ڕەخساندنی ژینگەیەكی تەندروستی گونجاو كە تێیدا ڕێكارەكانی خۆپاراستن لە پەتا جیهانییەكە ڕەچاو دەكرێت”.