سەردێر

ئیسرائیل دیمەشقی بۆردومان كرد

خەڵك-

ئاژانسی دەنگوباسی سوریا سانا بڵاویكردەوە هێزە دژەهەواییەكانی سوریا پێشیان بە هێرشی ئیسرائیلی گرتووە بۆ سەر ناوچەكانی باشوری دیمەشقی پایتەخت و ژمارەیەك مووشەكیان خستووەتە خوارەوە.

كەناڵی فەڕمی سوریا بڵاویكردەوە هێرشەكە لە ئاڕاستەی لوبنان و بەرزاییەكانی جۆلانەوە كراوە، بەهۆیەوە 4 سەرباز بریندار بوون و خەساری ماڵیشی هەبووە.

سەرچاوە مەیدانییەكان بۆ كەناڵی سكاینیوز ئاشكرایانكرد دوو بنكەی سەربازی لە باشوری دیمەشق لە ناوچەی كەسوە و نێوەندی توێژینەوە لە ناوچەی جمرایا كراونەتە ئامانج.

ئاماژەیان بە ئەوەش كرد ژمارەیەك مووشەكیش بەر ناوچەی سەیدە زەینەب كەوتوون لە ریفی دیمەشق و بەهۆیەوە ئاگر كەوتووەتەوە.

سەرچاوەكان دەڵێن ئەو هێرشە مووشەكییەی ئیسرائیل خەزێنەی چەكی ئێرانی بە ئامانج گرتووە.

ئاژانسی دەنگوباسی سوریا لە سەرچاوەیەكی سەربازییەوە بڵاویكردەوە، هێرشی مووشەكی ئیسرائیلی لە لای لوبنانەوە كۆمەڵێك خاڵی لە نزیك شاری دیمەشق كردووەتە ئامانج، لەلایەن هێزە دژە هەواییەكان پێش بە هێرشەكە گیرا، بەشێكی زۆری مووشەكەكان خرانە خوارەوە، بەهۆی ئەم هێرشە چوار سەرباز بریندار بریندار بوون.