خەڵك
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی تا 10 ساڵی تر لە پەیوەندی دەرەوەدا پشت بە ڕوسیا و چین دەبەستێت.
محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشكرای كرد، دەقی ڕێككەوتنی 25 ساڵەی وڵاتەكەی و چین لە لایەن خۆیەوە ئامادەكراوە.
وتیشی، ئێران تا 10 ساڵی تر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانیدا پشت بە ڕوسیا و چین دەبەستێت و لەسەر بنەمای پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە سیاسەتی دەرەوەی دادەڕێژێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران بڕوای خۆی نیشاندا كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هاوسەنگی هێز گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و ئەمریكا دەیەوێت ڕێگریی بكات لەوەی سەرچاوەی نوێی هێز و دەسەڵات لەسەر ئاستی جیهانی سەرهەڵبدەن و ڕكابەری بكەن.
زەریف ڕاشیگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بە باشی دركی بەوەكردبوو، كە چین لە زۆر ڕووەوە بەرەو پێش چووە و گەشەی كردووە، تەنانەت لە بواری ئاسایشیش كە واشنتۆن خۆی تیایدا بە باڵادەست دادەنێت، ڕكابەری دەكات.
جێی ئاماژەیە، لەماوەی ڕابردوودا ئێران و چین ڕێككەوتنێكی 25 ساڵەی ستراتیژیان لە بوارەكانی وزە، تەكنەلۆژیا، گەیاندن و ڕێگاوبان واژۆكرد و ڕێككەوتنەكەش لە سەر ئاستی ناوخۆیی ئێران كاردانەوە و ناڕەزایەتی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.