سەردێر

“تاران بەپێی ڕێنمایی خامنەیی دانوستان دەكات”

خەڵك

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت: لە ڤیەننا بەپێی ڕێنمایی عەلی خامنەیی دانوستان دەكەن.

عەباس عیراقچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بڵاویكردەوە: هەڵوێستی وڵاتەكەی لە كۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی بەدواداچوونی ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەشاری ڤیەننا بەپشتبەستن بووە بە ڕێنماییەكانی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕەتیكردەوە وڵاتەكەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەمریكا هەبێت و ئاماژەی بەوەكرد: گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئەمریكییەكان لە ڤیەننا نەكردووە و نایكەن.

عەباس عیراقچی دووپاتیشی كردەوە: پێویستە ئەمریكا هەنگاوی یەكەم بنێت و سەرجەم سزا سەپێنراوەكانی سەر وڵاتەكەی هەڵبگرێت و ڕایگەیاند: داواكارییان ئەوەیە واشنتۆن یەكەمجار پابەند بێت بە پابەندییەكانی و تەواوی ئەو سزایانە لاببات كە سەپاندویەتی و ئەو كاتە میسداقیەتی ئەو وڵاتە تاقیدەكەنەوە.