سەردێر

ئەمیر حەمزە یەكەم پەیامی دژی شا عەبدوڵڵای برای ڕاگەیاند

" ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری تێكدەدات گەندەڵییە"

خەڵك-

حەمزە بن حسێن برای شا عەبدوڵڵای ئوردن لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا ئاشكرایكرد لەماڵەوە خراوەتە ژێر چاودێریەوە، سەرجەم پاسەوانەكانیشی لێ وەرگیراونەتەوە، هێڵی ئینتەرنێتی لێ بڕاوە، داوای لێكراوە پەیوەندی بە كەسەوە نەكات.

حەمزە لە ئەو پەیامە ڤیدیۆییەدا كە كەناڵی (بی بی سی) بڵاویكردەوە ئاماژەی بە وەكردووە؛  دەست بەسەر كراوە لەگەڵ منداڵەكانی و هاوسەرەكەی لەماڵەوە داوای لێكراوە سەرجەم چالاكییەكانی رابگرێت بەهۆی ئەوەی زیان بە ئاسایشی وڵات دەگەیەنێت.

راشیگەیاند؛ ئوردن بە دەست گەندەڵی و بەرژەوەندی كەسییەوە دەناڵێنێت، رەخنەكانیشی بە دەستگیركردن كۆتاییهات، ئەوەی لە ئوردن روو دەدات جێگەی داخ و نیگەرانییە.

دەشڵێت: من لایەنێك نیم لە هیچ پیلان و موئامەرەیەك بە پشتیوانی لایەنی دەرەکی، من بەرپرس نیم لە خراپی ئیداری و حكومی و نەمانی متمانەی خەڵك بە دامەزراوەكانی دەوڵەت.

پێشتر سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئوردن یوسف ئەحمەد ئاشكرایكرد؛ ژمارەیەك بەرپرس و كەسایەتی ئوردنی دەستگیركراون بەهۆی بوونی مەترسی لەسەر ئاسایشی وڵات، بەڵام رەتیكردەوە ئەمیر حەمزە دەستگیر كرابێت.

هاوكات رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویكردەوە، ئەمیر حەمزە دەستگیركراوە بەهۆی هەوڵی كۆدێتا بەسەر شا عەبدوڵڵادا.

ئەمیر حەمزە زڕبرای شا عەبدوڵڵایە و پێشتر چەندین پۆستی گرنگی هەبووە.