سەردێر

ئوردن.. هەوڵێكی كودەتا شكستی پێهێنرا

خەڵك

لە ئوردن هەولێكی كودەتا بەسەر شا عەبدوڵا شكستی پێهێنرا، كە زڕبرایەكی خۆی پیلانەكەی داڕشتووە.

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی بڵاویكردەوە، بە تۆمەتی مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری وڵات، شا عەبدوڵای ئوردن فەرمانی دەستگیركردنی بۆ 20 لێپرسراوی باڵای وڵاتەكەی دەركرد كە لەنێویاندا شازادە حەمزە بن حسێنی تێدایە.

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی هەواڵەكەی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوە كردووە، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە دەستگیركراون. بەرپرسانی ئوردن دەڵێن، هەوڵەكە “هەڕەشە بووە بۆسەر سەقامگیریی وڵات.”

شازادە حەمزە كوڕە گەورەی شا حسێنی ئوردن و شاژنە نوور كە هاوژینی چوارەمییەتی و بە ڕەچەڵەك ئەمریكییە لە كۆشكی عەممان خراونەتە ژێر چاودێریی تووندەوە.

واشنتن پۆست زانیارییەكانی بە پشتبەستن بە لێپرسراوێكی باڵای هەواڵگریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوكردووەتەوە. دەڵێت، دەستگیركردنەكە لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەكانە لە هەوڵی كودەتا بەسەر شاعەبدوڵای دووەم، شای ئوردن كە دەكاتە زڕبرای.

هاوكات ئاژانسی فەرمی ئوردنی لە ڕاگەیەنراوێكدا باس لەوە دەكات، شازادە حەمزە بەهیچ شێوەیەك دەستگیرنەكراوە و لەژێر چاودێریشدا نییە.

لە هەوڵی كودەتاكەدا وەكو لێپرسراوانی كۆشكی عەممان باسیان كردووە، بەلایەنی كەم كەسێك لە خێزانی شاهانە، چەند سەركردەیەكی خێڵەكان و ئەندامانی ئەمنیی تێیدا بەشداربوونە. لێكۆڵینەوەكەش كە دەستی پێكردووە، ئەو زانیارییانەی ئاشكرا كردوون.

لێپرسراوە باڵاكەی هەواڵگریی كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، ئەوەشی بە واشنتۆن پۆست وتووە، چاوەڕوان دەكرێت فەرمانی دەستگیركردن بۆ كەسانی تریش دەربچێت. ڕاوێژكارێكی كۆشكی شاهانەی ئوردنیش ئەوەی پشتڕاستكردووەتەوە كە بەهۆی “هەڕەشە بۆسەر سەقامگیریی وڵات” خەڵكی دەستگیركراون.

شازادە حەمزە بۆ ماوەی چوار ساڵ پۆستی شازادەی هەبووە، دواتریش دەسەڵاتەكانی گواسترایەوە بۆ كوڕەگەورەكەی شا عەبدوڵا بەناوی حسێن. لێپرسراوە هەواڵگرییەكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەی بەوە كردووە، حەمزە لە ماڵەكەی خۆیدا لەلایەن ئەفسەرانی باڵای سەربازیی ئوردنەوە هەواڵی دەستبەسەرییەكەی پێ ڕاگەیەنراوە كە كۆمەڵێك پاسەوانیشیان لەگەڵدا بووە.

تائێستا ڕوون نییە ئەو كەسانەی پیلانەكەیان بۆ كودەتا داناوە چەندێك نزیكبوونە لە جێبەجێكردنی پیلانەكە یان ئەوەی بە دیاریكراوی چییان بكردایە، بەڵام لێپرسراوە هەواڵگرییەكەی قسەی بۆ واشنتۆن پۆست كردووە دەڵێت، “پیلانەكە باش ڕێكخراوە” و وا دەردەكەوێت كە ئەو كەسانەی ویستوویانە كودەتاكە ئەنجامبدەن دەستی دەرەكیشیان لەگەڵدا بووبێت. بەڵام زیاتر ڕوونی نەكردووەتەوە كە كێ بن.

لەنێو دەستگیركراوەكانی تردا، شەریف حەسەن هەیە كە ئەویش ئەندامی خێزانی شاهانەیە. هاوكات باسیم عەبدوڵاشی تێدایە كە خەڵكی سعودیەیە.