سەردێر

لاڤرۆڤ: پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە خراپترین ئاستدایە

خەڵك

وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ئاشكرایدەكات، پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ ئەمریكا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەكانی لە خراپترین ئاستدایە.

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ئاشكرایكرد، وتەكانی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە بارەی ڤلاديمیر پوتن، كە بە بكوژ ناویبردبوو، قێزەونن، هەر بۆیە مۆسكۆ بڕیاریداوە چاو بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكادا بخشێنێتەوە.

لاڤرۆڤ باسی لەوەشكرد، ڕوسیا بە مەبەستی ڕەواندنەوەی ئەو بارگرژییە، پێشنیازی كردبوو، كە پەیوەندییەكی تەلەفونی لە نێوان پوتن و بایدندا ئەنجام بدرێت، بەڵام لایەنی ئەمریكی ڕەتیكردبووەوە.

وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ئاماژەی بەوەشكرد، لەئێستادا پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمریكا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەكانی لە نزمترین و خراپترین ئاستدایە.

سێرگی لاڤرۆڤ ئەوەشی خستەڕوو، سەرباری ئەو پەیوەندییە خراپە هەموولایەك باش دەزانن كە مەترسییەكانی بەردەوام بوونی ئەو دۆخە لە چ ئاستێكدایە.

دوای وتەكانی بایدن لە بارەی پوتن، ڕوسیا باڵیۆزی خۆی لە واشنتۆن كشاندەوە، لاڤرۆف سەبارەت بە كاتی گەڕانەوەی باڵیۆزەكەیان بۆ ئەمریكا وتی، تائێستا لەو بارەوە بڕیاریان نەداوە و ئەو بڕیارە لەدەست ڤلاديمیر پوتندایە.