سەردێر

بەوێنە، كرێكارێك خۆی هەڵدەداتە نێو فڕنێكی كوڵاندنی پۆڵاوە

خەڵك-
كرێكارێكی چینی خۆی هەڵدەداتە نێو فڕنی كوڵاندنی پوڵاوە كە پلەی گەرمییەكەی زیاترە لە 900 پلەی سەدی، ئەمەش دوای ئەوەی هەزاران دۆلاری لە بازاڕی پشكەكاندا دۆڕاند.

وانگ لۆنگی تەمەنی 34 ساڵ، لەكاتی نۆرەی دەوامی شەوانە لە كارگەی ئاسن و پۆڵا لە چین دیارنەما، بەر لەوەی نەهامەتییەكە ئاشكرا ببێت كە خۆی لەنێو فڕنی پڕ لە گڕكاندا كوشتووە، ئەمەش بەپێی ڕۆژنامەی (زە سەن)ی بەریتانی.

ئەو بەڵگەیەی كە كۆتایی ژیانی لۆنگی ئاشكرا كرد، كامێراكانی چاودێری بوون و تێیاندا دوایین ساتی ژیانی كرێكارە چینییەكە دەردەكەوێت.

لە ڤیدیۆ سامناكەكەدا دەردەكەوێت كە چۆن كرێكارەكە خودەكەی سەری دادەنێت و خۆی دەخاتە نێو ئامێزی گڕكانەكەوە.

گروپی بازرگانی بەرپرسی كارگەكە لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، خۆكوشتنەكەی وانگ لۆنگ گومان دەكرێت بەهۆی لەدەستدانی بڕێك پارەی زۆرەوە بێت كە وایكردووە نەتوانێت قەرزەكانی بداتەوە.

بەپێی قسەی هاوڕێكانی، كرێكارەكە هاوسەرگیری نەكردووە و بۆماوەیەكی زۆر بوو خۆی بە كاركردن لە بۆرسەدا سەرقاڵ كردبوو.

بەپێی میدیاكانی چین، وانگ نزیكەی 60 هەزار یوانی لەدەستداوە كە دەكاتە 8200 دۆلاری ئەمریكایی لە ڕۆژی خۆكوشتنەكەیەدا، ئەمەش هاوكات بووە لەگەڵ دابەزینی پێنوێنەكان لە بۆرسەی چینی بۆ نزمترین ئاست لە دوای سێ‌ مانگ.

كۆمپانیای خاوەن كارگەكە لە بەیاننامەیەكدا لەبارەی ڕووداوەكەوە ڕایگەیاند”گومان دەكرێت خۆكوشتنەكەی پەیوەندی بە لەدەستدانی بڕە پارەیەكی زۆرەوە هەبێت كە نەیتوانیوە لە دواییدا قەرزەكانی بداتەوە”.