سەردێر

ئەمریكا: ئێران لە عیراق و سوریا و یەمەن مافەكانی مرۆڤ پێشێل دەكات

خەڵك

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایدەگەیەنێت، ئێران نەك هەر لە ناوخۆی وڵاتەكەی، بەڵكو لە وڵاتانی وەك عیراق و سوریا و یەمەنیش مافەكانی مرۆڤ پێشێل دەكات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە نوێترین ڕاپۆرتیدا باسی لەوەكردووە، كە ئێران لە ناوخۆی وڵاتەكەی بە شێوەیەكی بەرچاو بەردەوامە لە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و گرتن و ئەشكەنجە و سەركوتی بەرهەڵستكاران و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكردووە، حكومەتی تاران لە ڕێگەی پشتیوانی لە گرووپە چەكدارەكانی وەك كەتیبەكانی حزبوڵا لە عیراقیش مافەكانی مرۆڤ پێشێل دەكات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئەوەشی خستووتەڕوو، ئێران وەك پشتیوانی حكومەتی بەشار ئەسەد، ڕۆڵی سەرەكی هەیە لە توندوتیژیی و پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە سوریا، هەروەها لە یەمەنیش لە ڕێگەی پاڵپشتی لە حوسییەكان دەستی لە چەندین پێشێلكاریدا هەیە كە لەو وڵاتە دژ بە مافەكانی مرۆڤ ئەنجام دەدرێن.