سەردێر

چین سزا بەسەر واشنتۆن و ئۆتاوا دەسەپێنێت و ئەمریكاش وەڵامدەداتەوە

خەڵك

وەزارەتی دەرەوەی چین سزای بەسەر چەند لێپرسراو و دامەزراوەیەكی ئەمریكی و كەنەدیدا سەپاند و لە بەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایدەگەیەنێت، سزاكان هیچ بنەمایەكیان نییە.

وەزارەتی دەرەوەی چین لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی ژمارەیەك سزای بەسەر چەند لێپرسراو و دامەزراوەی ئەمریكا و كەنەدا سەپاندووە، سزاكانیش گایل مانشین سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەمریكی بۆ ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی و تۆنی بیركێنزی جێگری سەرۆكی ئەو دامەزراوەیە دەگرێتەوە.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، چین سزای سەپاندووە بەسەر مایكل شۆنگ ئەندامی پەرلەمانی كەنەدا و ئەندامانی لیژنەی مافەكانی مرۆڤی نێودەوڵەتی سەر بە لیژنەی هەمیشەیی كاروباری دەرەوە و پەرەپێدانی نێودەوڵەتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی كەنەدا.

لەبەرامبەردا، ئەنتۆنی بلینكین وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هۆشداریدا لەوەی ئەو سزایانەی چین سەپاندوویەتی بەسەر دوو لێپرسراوی ئەمریكی بەهۆی پێشێلكارییەكان بەرامبەر كەمینەی ئیگۆر هیچ بنەمایەكی نییە.

داواشی لەچین كردووە سنوورێك دابنێت بۆ پێشێلكاری و مامەڵەی خراپ بەرامبەر كەمینەی ئیگۆر و كەمینە ئایینییەكانی تر.

بلینكن وتیشی: هەوڵەكانی پەكین بۆ كپكردنی دەنگی ئەو كەسانەی كە لەبارەی مافەكانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتیەكان قسە دەكەن و بێدەنگ كردنیان یارمەتیدەر دەبێت بۆ وردبینی نێودەوڵەتی زیاتر لەو كۆمەڵكوژی و تاوانی دژی مرۆڤایەتیەی لەناوچەی شین جیانگ ئەنجام دراوە.