سەردێر

جەنگی سارد سەرهەڵدەداتەوە

خەڵك-

ئەمڕۆ هەینی كۆشكی كرێملنی روسیا رایگەیاند سەرۆكی روسیا فلادیمیر پۆتین پێشنیاری گفتووگۆی راستەوخۆی لەگەڵ هاوتا ئەمریكاییەكەی جۆ بایدن كردووە لە چەند رۆژی رابردوودا كە تا ئێستا كراوەیە و راشیگەیاندووە ناكرێت قسەكانی بایدن كە بە پۆتینی وتووە بكوژ پشتگوێ بخرێن.

دیمیتری بیسكۆف بۆ ئاژانسی دەنگوباسی رۆیتەرز رایگەیاند پۆتین پێشنیاری گفتووگۆی كردووە كە راستەوخۆ پەخش بكرێت، پۆتین دەتوانێت رۆژی دوو شەممە ئەو كارە بكات، یان هەر كاتێكی دیكە كە بایدن خوازیاری بێت، بەڵام پێشنیازە بۆ كاتێكی نادیار نییە.

لە وەڵامی پرسیارێكدا كە ئایا جەنگی سارد لەنێوان روسیا و ئەمریكا دەستیپێكردووەتەوە، بیسكۆف دەڵێت: ئێمە هەمیشە هیوای باشیمان هەیە، بەڵام بۆ هەمووی خراپیەكیش ئامادەین.

ئاماژەی بەوەشكرد مۆسكۆ هێڵە دبلۆماسییەكان بەكاردەهێنێت بۆ سازكردنی كۆبوونەوەی نێوان پۆتین و بایدن.

رۆژی پێنج شەممە پۆتین رایگەیاند پێویستە لە رۆژانی داهاتوو راستەوخۆ گفتووگۆ بكەن لەگەڵ بایدن، دوای ئەوەی بایدن رایگەیان پۆتین پیاوێكی بكوژە.

ئەمریكا ئامادەكاری دەكات بۆ سەپاندنی كۆمەڵێك سزا بەسەر روسیادا لە رۆژانی ئایندەدا، دەربارەی دەنگۆی دەستوەردانی روسیا بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا، بۆیە مۆسكۆ باڵوێزەكەی بانگ كردەوە بۆ گفتووگۆ.