سەردێر

حوسییەكان لە گرتنی مەئرەب نزیك دەبنەوە

خەڵك-

گرووپە چەكدارەكانی حوسی لایەنگری ئێران لە گرتنی دواین شاری گەورەی باكوری یەمەن نزیك دەبنەوە.

سەرچاوەیەك بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێس رایگەیاند یاخیبووە حوسییەكان چیای هیلانیان گرتووە كە بەسەر شاری مەئرەبدا دەڕوانێت، دوای شەڕێكی قورس كە دەیان كەسی تێدا كوژرا و بریندار بوون لە هەردوولایەنی شەڕكەر.

سەرچاوەیەكی سەربازی یەمەنی دەڵێت گرتنی چیای هیلان هەڕەشەیە بۆ بەرەی یەكەمی بەرگری لە مەئرەب، حوسییەكان توانیویانە هێڵی گەیاندنی پشتیوانی بۆ هەندێك لە بەرەكان بگرن و بەرەی باكوری خۆرئاوای مەئرەبیان گرتووە.

بەرپرسێك هۆشداری دا لەوەی دوای گرتنی چیای هیلان شاری مەئرەب لە مەترسیدایە.

بەرپرسێكی دیكە دەڵێت هێزەكانی هاوپەیمانی عەرەبی بە سەركردایەتی سعودیە پێگەكانی حوسییان دوای ئەو سەركەوتنە بۆردومان كردووە.

ماوەی ساڵ و نیوێكە حوسییەكان هەوڵ دەدەن شاری مەئرەبی دەوڵەمەند بە نەوت بگرن بە ئامانجی گەیشتنی دەستیان بە تەواوی باكوری یەمەن.

حوسییەكان لە 8ی شوبات هێرشەكانیان بۆ سوپای حكومەت دەستپێكردەوە و هەوڵدەدەن مەئرەب بگرن پێش دەستپێكردنی گفتووگۆ لەگەڵ حكومەت لە دوای هەوڵەكانی ئیدارەی نوێی ئەمریكا بۆ دەستپێكردنی گفتووگۆ و چارەسەری سیاسییانەی قەیرانی یەمەن.