سەردێر

لە فەڕەنسا جۆرێكی تری ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستنیشانكرا

خەڵك

وەزارەتی تەندروستی فەڕەنسا جۆرێكی تری ڤایرۆسی كۆرۆنای ئاشكراكرد و سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتەش داوای چڕكردنەوەی هەڵمەتی كوتان دەكات.


وەزارەتی تەندروستی فەڕەنسا لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد: دوای تۆماركردنی ژمارەیەك حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری لانیۆن -ی ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە دەركەوتووە كە سەرجەم تووشبووان پزیشك و كارمەندی تەندروستیین و لە بنكەیەكی تەندروستی ئەو شارە كاریان كردووە.

وەزارەتی تەندروستی فەڕەنسا ئەوەشی خستەڕوو: پشكنینە تەندروستییەكان ئاشكرایانكردووە سەرجەم تووشبووان هەڵگری جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە جیاوازە لەسەرجەم جۆرەكانی تر كە لەسەر ئاستی جیهان دەستنیشانكراون.

وەزارەتی تەندروستی فەڕەنسا ئاشكراشیكرد: لێكۆڵینەوە لەو جۆرە نوێیەی كۆرۆنا بەردەوامە و تائێستاش ئاستی خێرایی بڵاوبوونەوە و مەترسییەكانی دیاری نەكراوە.

هاوكات، ژان كاستێكس سەرۆك وەزیرانی فەڕەنسا لە پەرلەمانی وڵاتەكەی ڕایگەیاند: “لەنێو جۆرێك لە شەپۆلی سێیەمی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێداین”، و جەختی لەوەكردەوە كە ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو ئەو جۆرەی كە لە بەریتانیاوە سەریهەڵداوە، لە وڵاتەكەیان بە خێرایی بڵاودەبێتەوە. ‌

سەرۆك وەزیرانی فەڕەنسا بەپێویستی زانی بەمەبەستی ڕزگاربوون لە پەتاكە هەڵمەتی كوتان چڕبكرێتەوە و پابەندیی بە ڕێكارەكان زیاتر بێت.

جێی ئاماژەیە، تائێستا لە فەڕەنسا زیاتر لە چوار ملیۆن و 87 هەزار حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆمار كراون و نزیكەی 91 هەزار كەسیش بەو ڤایرۆسە گیانیان لەدەستداوە.