سەردێر

توركیا چەكدارە سوریاییەكان رەوانەی یەمەن دەكات

خەڵك-

سەرچاوەیەك لە سوپای نیشتمانی سوریا پشتیوانیكراو لەلایەن توركیاوە رایگەیاند توركیا ئامادەكاری دەكات بۆ ناردنی گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ سنورەكانی یەمەن و سعودیە.

ئەو سەرچاوەیە كە لە گروپی سوڵتان سولەیمان شایە بۆ ئاژانسی نۆڕس پرێس رایگەیاند ئەو گرووپە چەكدارانەی ئۆزپۆسیۆنی سوریا ئامادەكاری دەكەن بۆ ناردنی دەیان چەكدار بۆ یەمەن.

بەپێی سەرچاوەكان توركیا ئەم چەكدارانە بۆ هاوكاری عەرەبستان دەنێرێت و پێشتر زانیاری بڵاوبووەوە كە ئەنقەرە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیشی بۆ شەڕی یەمەن لە دژی حوسییەكان ناردووە.

توركیا لە پایزی رابردوودا گرووپێك لە چەكدارە سوریاییەكانی نارد بۆ شەڕی ئازەربایجان لەوێ 540 چەكدار كوژران بەپێی روانگەی سوریایی بۆ چاودێری مافەكانی مرۆڤ.

هاوینی رابردوو توركیا گروپە چەكدارە سوریاییەكانی نارد بۆ شەڕی لیبیا توانی لەوێ هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی حكومەتی لیبیا لە شەڕی نێوخۆی ئەو وڵاتەدا بگۆڕێت.

گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە هاوكاری سوپای توركیا پێشتر توانیان عەفرین و سەرێكانێی و گرێسپی لە رۆژئاوای كوردستان بگرن.

توركیا بودجە و مووچەی ئەو چەكدارانە دابین دەكات، كەڵكی لێوەرگرتوون لە شەڕ و ململانێ هەرێمییەكاندا لە بەرژەوەندی ئەنقەرە.